رووداو دیجیتاڵ
مانوێل ئاکانجی، بەرگریکاری هەڵبژاردەی سویسرا، رەخنەی لە بڕیارەکانی ناوبژیوانی گرت لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی ئەرجەنتین، کەبەرەبەیانی یەکشەممە، لە چارەکی کۆتایی جامی جیهانی 2026ـدا بەڕێوەچوو، و ئەرجەنتین 3-1 براوە بوو.
ئاکانجی دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی بەهۆی دووەم کارتی زەرد کە ناوبژیوان لە خولەکی 72 بەڕووی برێل ئیمبۆلۆدا بەرزیکردەوە، دوای پێداچوونەوە بە دیمەنەکە لە رێگەی شاشەی تەکنەلۆژیای ڤیدیۆیی (ڤار)ـوە.
ناوبژیوانی پۆرتوگالی، سیلڤا پینێرۆ لە سەرەتادا فاوڵێکی دژی لیاندرۆ پارێدیس هەژمارکرد و کارتی زەردی بۆ یاریزانە ئەرجەنتینییەکە بەرزکردەوە، پێش ئەوەی دەرکەوێت کە هەڵەیەک لە دیاریکردنی ناسنامەی یاریزانەکەدا هەبووە، کە ئەمەش پێویستی بەجێبەجێکردنی پرۆتۆکۆڵ کرد.
دوای پێداچوونەوە بە دیمەنەکە، ناوبژیوان وای دانا کە هیچ سەرپێچییەک لەلایەن پارێدیسەوە نییە، و کارتی زەردی بەڕووی ئیمبۆلۆدا بەرزکردەوە بەبیانووی خۆخستنەخوارەوە (نواندن)، کە ئەم بڕیارە تووڕەییەکی فراوانی لە ناو هەڵبژاردەی سویسرا لێکەوتەوە.
ئاکانجی لە لێدوانێکدا، کە رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، گوتی "جێگەی داخە کە بەمشێوەیە ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە دەکەین، کاتێک دەزانیت کە توانای بردنەوەی یارییەکەت هەبووە. بابەتەکە قورس دەبێت کاتێک ناوبژیوانیش دژت بێت".
هەروەها گوتیشی "من لەو کەسانە نیم کە زۆر سکاڵا دەکەن، بەڵام پێشتر یارییەکم ئەنجام نەداوە کە تا ئەم راددەیە نایەکسان بێت، کە هەموو شتێک بۆ بەرژەوەندی ئەوان هەژمار دەکرا. تەنانەت کارتێکی زەردیشیان بەهۆی خۆخستنەخوارەوە وەرنەگرت. هیچ شتێک نەبوو".
لە هەمان چوارچێوەدا، ریمۆ فرۆیلەری ئەستێرەی سویسرا گوتی "بە جۆش و خرۆش و رۆحیەتێکی جەنگاوەرانەوە چووینە ناو یارییەکە، ئەوەش روون بوو. یارییەکی زۆر باشمان ئەنجامدا، و گوشارێکی زۆرمان دروستکرد، تاوەکو ئەو کاتەی حاڵەتی دەرکردنەکە روویدا. دوای ئەوە یارییەکە بەتەواوی داڕما. دەرچوون بەم شێوەیە ئازارەکە گەورەتر دەکات و ناتوانم تێبگەم چۆن تەکنەلۆژیای ڤیدیۆیی بەمشێوەیە دەستوەردانی کرد لە یارییەکی لەم شێوەیەدا".




