رووداو دیجیتاڵ
ئێرلینگ هالاند، ئەستێرە و گۆڵکاری هەڵبژاردەی نەرویج سەرەڕای کرانە دەرەوەیان لە مۆندیالدا دەڵێت ئێمە مرۆڤی باشین و نەرویجمان خستە سەر نەخشەی جیهان و هیوادارم ئینگلتەرا نازناوەکە بباتەوە.
هالاند دوای دۆڕانیان بەرامبەر ئینگلتەرا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ و ماڵئاواییکردنیان لە مۆندیال گوتی "بەو شێوازەی کە نەرویجمان خستە سەر نەخشەی جیهان، رەنگە یەکێک بێت لەو شتانەی زۆرترین کاریگەریی هەبێت لەسەرم. پێموایە بەم جۆش و خرۆشە و بەوەی چەندە مرۆڤی باشین. من پێموایە ئێمە مرۆڤی باشین، ئەوە بەڕاستی کارم تێدەکات. ئێمە نەرویجمان ناساند و هیوادارم ئێستا بتوانین بنەمایەک دابڕێژین بۆ بەشدارییەکانمان لە یۆرۆ و مۆندیال و هەموو پاڵەوانێتییەکان، چونکە نەوەی ئێمە نایابە. هەروەها هیوادارم ئەمە ببێتە هاندەر بۆ گەنجانی وڵاتەکەم نەرویج، کە بزانن دەکرێت لە گەورەترین ئاستی جیهاندا یاری بکەیت و درێسی نەرویجت لەبەردا بێت."
هالاند لەبارەی ئاستبەرزیی جود بێلینگهام لە یارییەکەدا گوتی "سەرسام نیم کە ئەمڕۆ دوو گۆڵ تۆمار دەکات و بەو شێوەیە یاری دەکات. تەنیا شت ئەوەیە، هەندێک جار پێموایە زۆر رەخنەی لێ دەگیرێت بەوەی گوایە گۆڵی پێویست تۆمار ناکات یان هەر شتێکی دیکە. پێموایە ئەو بەڕاستی شایەنی ئەو رەخنانە نییە چونکە یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان. ئەو یاریزانی ناوەندە، کەچی هێشتا گۆڵ تۆمار دەکات و دەتوانێت بە نێوان هەموو یاریزانەکانی ناو یاریگادا تێبپەڕێت. تەنیا دەتوانم ستایشی جود بکەم. پێموایە ئەو بڕواپێنەکراوە. ئینگلتەرا بەختەوەرە، مەدرید بەختەوەرە، چونکە هەموو تیپێک حەز دەکات یاریزانێکی وەک جودی هەبێت."
ئێرلینگ باس لە هەڵبژاردەی ئینگلتەراوە دەڵێت "بێگومان دەمەوێت ئینگلتەرا ئەنجامی باش بەدەست بهێنێت. پێموایە کاتێک منداڵ بووم، پێش ئەوەی درێسێکی نەرویجم هەبێت، درێسێکی ئینگلتەرام هەبوو. بێگومان دەمەوێت ئینگلتەرا سەرکەوتوو بێت چونکە وڵاتێکی خۆشە و درێسەکەشی جوانە. بە شێوەیەکی ئاسایی، تیپە باشەکان، کە لێرەدا بێگومان ئینگلتەرایە لە رووی یاریزانەکان و ئەم شتانەوە، زۆربەی کات بڕیارەکان لە بەرژەوەندی ئەوان دەبن. کاتێک لە مان سیتی دەبم، بەزۆری بڕیارەکان بە دڵی من دەبن. لە کۆتاییدا، تەنیا شانازی دەکەم. لەو کاتەوەی سەرکەوتووین و لەو کاتەوەی لێرەین لە ئەمریکا، هەموو رۆژێک زۆر شانازیم بەم تیپەوە کردووە. نازانم چی بڵێم چونکە پێموایە لێرە لە ئەمریکا زۆر قسەم کردووە و کەمێک بێزار بووم لێی، بۆیە ئێستا کاتی پشووە. سوپاس بۆ ئێوە."



