رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ هەفتە لە مەشق و راهێنانی چڕ، جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی خەریکە نەخشەی نوێی ریال مەدرید دادەڕێژێت. مۆرینیۆ دەیەوێت بەپلانی 4-2-3-1 یاری بکات، بەڵام ئەمە کێشەیەکی گەورەی بۆ دروست دەکات: کێ لە پێکهاتەی سەرەکیدا بێت و کێ لەسەر کورسیی یەدەگ؟.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، هێڵی هێرشبەری یانە شاهانەکە پڕە لە ئەستێرە و ئەمەش سپێشەڵ وەن دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت. مۆرینیۆ کە دوای 13 ساڵ گەڕاوەتەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ئێستا دەبێت لەنێوان چەندین ئەستێرەی جیهانیدا، تەنیا یەکێکیان بۆ پۆستی دروستکەری یاری (یاریزانە ژمارە 10کە) هەڵبژێرێت.
بێلینگهام و بێرناردۆ؛ کێبڕکێی دوو زەبەلاح
جود بێلینگهامی ئینگلیزی، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی لە مۆندیالی رابردوو، یەکێکە لە بەهێزترین بەربژێرەکان بۆ ئەوەی شوێنی لە پێکهاتەی سەرەکیدا مسۆگەر بکات. بەڵام کارەکە بۆ ئەو ئاسان نییە، چونکە بێرناردۆ سێلڤای پۆرتوگالی یەکێکی دیکەیە لە رکابەرە سەرەکییەکان. سێلڤا کە یەکێک بوو لە گرێبەستە گەورەکانی ئەم هاوینەی مەدرید، بە داواکاریی تایبەتی مۆرینیۆ خۆی هێنراوە، ئەمەش چانسێکی زۆری پێدەدات لە پلانەکانی راهێنەردا.
دیاز و گولەر؛ قوربانییەکانی مۆرینیۆ
لەنێوان ئەم ململانێیە تووندەدا، ناوی براهیم دیازی مەغریبی و ئاردا گولەری تورکی دێت. دیاز کە لە میلانەوە گەڕاوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا ئاستێکی باشی هەبووە، بەڵام هێشتا نەبووەتە یاریزانێکی سەرەکیی جێگیر. رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دیاز دەبێتە 'یەکەم قوربانی' بڕیارەکانی مۆرینیۆ، چونکە چانسی یاریکردنی بەرامبەر بێلینگهام و سێلڤا زۆر کەمە.
ئاردا گولەریش هەمان چارەنووسی هەیە؛ ئەو گەنجە تورکە، کە هاندەران چاوەڕوانییەکی زۆریان لێی هەیە، هێشتا نەیتوانیوە شوێنێکی جێگیر لە پێکهاتەکەدا بگرێت و مۆرینیۆش لە یارییە یەکلاکەرەوەکاندا زیاتر متمانە بە یاریزانە بە ئەزموونەکان دەکات.
هەرچەندە وەرزی نوێ پڕە لە یاری و مۆرینیۆ دەتوانێت سوود لە هەموو یاریزانەکان وەربگرێت، بەڵام بۆ یارییە گەورەکان و کاتە یەکلاکەرەوەکان، راهێنەرە پۆرتوگالییەکە ناچارە بڕیارە قورس و تاڵەکان بدات و چەند ئەستێرەیەک بخاتە سەر کورسیی یەدەگ، کە پێدەچێت براهیم دیاز یەکەمینیان بێت.




