رووداو دیجیتاڵ
مۆندیالی یارییە ئەلیکترۆنییەکانی 2026 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەردەوامە و پاڵەوانی یارییە جیاوازەکان یەک لە دوای یەک دیاری دەکرێن. تیمی (زێتا دیڤیژن) ناسناوی (ئۆڤەروۆچ 2)ی بردەوە و تیمی (جی 2)یش بووە پاڵەوانی (وۆرزۆن)؛ هاوکات تیمی (کواشۆ) و یاریزانێکی پاکستانی لە لووتکەی یارییەکانی دیکەدا درەوشانەوە.
زێتا دیڤیژن؛ گەڕانەوە بۆسەر سەکۆی شانازی
تیمی (زێتا دیڤیژن)ی ژاپۆنی-کۆری، توانی ناسناوی جامی جیهانیی یاریی (ئۆڤەروۆچ 2) بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە ئەنجامی 4-2 لە تیمی (تویستد مایندز)ی سعودی بردەوە.
کیم دۆنگ هیۆن، ناسراو بە پرۆپەر، ئەستێرەی درەوشاوەی تیمی (زێتا دیڤیژن)ی ژاپۆنی-کۆری بوو، کە توانی بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەک ناسناوەکە بباتەوە (دوای ئەوەی پار لەگەڵ تیمی فاڵکۆنز بردییەوە)؛ هەروەها کیم جین سیۆ وەک باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دیاریکرا و خەڵاتی 25 هەزار دۆلاری پێدرا.
بارك مین کی ڤیۆلێت، یاریزانی تیمی (زێتا دیڤیژن) دوای بردنەوەی ناسناوەکە گوتی: "پێکهاتەی ئەم ساڵمان زۆر بەهێزە."
تیمەکە بەم سەرکەوتنە بڕی 400 هەزار دۆلاری وەک خەڵات بردەوە، لە کاتێکدا تیمی (تویستد مایندز) پلەی دووەم و 180 هەزار دۆلاری بەرکەوت.
وۆرزۆن؛ رکاربەرییەکی درێژ
لە یاریی (کۆڵ ئۆف دیووتی)ـدا تیمی (جی 2 ئی سپۆرتس)ی ئەڵمانی توانی ناسناوەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە.
ئەم سەرکەوتنە دوای کێبڕکێیەکی زۆر تووند هات کە 11 یاری خایاند، تاوەکو لە کۆتاییدا توانی پێش رکابەرەکانی بکەوێ و ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی مۆندیال.
دەستکەوتەکانی دیکەی مۆندیالەکە
لەلایەکی دیکەوە تیمی (کواشۆ گەیمینگ)ی چینی بووە پاڵەوانی (ئۆنەر ئۆف کینگز)، ئەوەش دوای بردنەوەی لە (ئەی جی ئەی ئێڵ) بە ئەنجامی 4-3.
هەروەها لە یاریی (تیکن 8)ـدا خواجە محەممەد زوبەیر (ئێم زوبەیر) لە پاکستانەوە، هەمووانی تووشی شۆک کرد و ناسناوەکەی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە ئەنجامی 5-0 لە لۆ های کۆریی بردەوە.
زوبەیر لەبارەی سەرکەوتنەکەیەوە گوتی: "راهێنانی زۆرم کرد و متمانەی تەواوم بە خۆم هەبوو."
نوێنەری کوردستان لە مۆندیال
هەر لە نێو مۆندیالەکەدا تیمی (721 جی ئێس ئی سپۆرتس) وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان و عێراق، لە یاریی پەپجی مۆبایلدا بەشدارە.
تیمەکە کە لە گەنجانی کورد پێکهاتووە، لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە.
بڕوا، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی تیمی 721ـی کوردی لە پاریسەوە بە زنار شینۆ، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، گەیشتن بەم پاڵەوانێتییە جیهانییە دەستکەوتێکی گەورەیە. ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا چەند یارییەکیان کردووە و هەرچەندە خاڵەکانیان لە قۆناخی سەرەتادا زۆر بەرز نییە، بەڵام هیوایەکی زۆریان بە یارییەکانی داهاتوو هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە یاریی کۆتایی یان لانیکەم قۆناخی مانەوە.
یەکێک لەو ئاستەنگە گەورانەی رووبەڕووی تیمی 721 و یاریزانە کوردەکان بووەتەوە، گۆڕینی ئامێری یاریکردنە. بڕوا گوتی: "لە کوردستان یاریزانەکانمان بە ئامێری ئایفۆن یاری دەکەن، بەڵام لێرە بەهۆی سپۆنسەرەکانەوە، دەبێت بە مۆبایلی سیستمی ئەندرۆید (وەک جی تی، گالاکسی یان ئینفینێکس) یاری بکەن، ئەمەش جیاوازییەکی زۆری هەیە و کەمێک کاریگەری لەسەر ئاستیان دروستکردووە." جگە لەوەش، جەنجاڵی، کامێرا و قەرەباڵخیی هۆڵەکە سترێس و پاڵەپەستۆیەکی دەروونی بۆ یاریزانەکان دروستکردووە کە زۆربەیان یەکەم جارە لەسەر شانۆی وا گەورە یاری دەکەن.
مۆندیالی یارییە ئەلیکترۆنییەکانی پاریس 24 جۆری جیاوازی یارییەکان لەخۆدەگرێ و کێبڕکێکان تاوەکو 15ی ئابی 2026 بەردەوام دەبن، کە تێیدا باشترینەکانی جیهان بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکان و خەڵاتە داراییە ملیۆن دۆلارییەکان رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.




