رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یانەی مێردین سپۆر رایدەگەیەنێت، یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر وان سپۆر تەنیا کێبڕکێیەکی وەرزشی نییە، بەڵکو فێستیڤاڵێکی برایەتییە. دەشڵێت، وەک رێزێک بۆ هاندەرانی وان کە بەهۆی نۆژەنکردنەوەی یاریگەکەیانەوە لە بینینی تیمی خۆیان بێبەشن، نرخی بلیتیان بۆ کەمکردوونەتەوە.
رۆژی شەممە، 29ـی ئابی 2026، رێدوان ئاشار، سەرۆکی یانەی مێردین سپۆر لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی یانەی مێردین بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی وان سپۆر. ئەو یارییەی کە لەنێو هاندەراندا بە "دێربیی کوردان" دەناسرێت، لەنێو گەرمایەکی تاقەتپڕووکێن و جۆش و خرۆشێکی بێوێنەدا بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی یانەی مێردین سپۆر ئاماژەی بەوەکرد کە پلەی گەرمی لە مێردین گەیشتووەتە نێوان 40 بۆ 50 پلە، بەڵام ئەمە رێگر نەبووە لەوەی جۆش و خرۆشی یارییەکە کەمبێتەوە. گوتیشی: "ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا مێردین سپۆر و وان سپۆر لە مێردین رووبەڕووی یەکدەبنەوە."
رێدوان ئاشار دەربارەی ئاستی تیمەکەی گوتی: "لە سێ یاریی رابردوودا حەوت خاڵمان کۆکردووەتەوە، لەبەرامبەردا وان سپۆر تاوەکو ئێستا تەنیا سێ خاڵی هەیە، بەڵام هیوادارین لە یارییەکانی داهاتوودا سەرکەوتووبن."
سەبارەت بە هاندەرانی یانەی میوان، رێدوان ئاشار بڕیارێکی "برایانە"ـی راگەیاند و گوتی: "وان سپۆر بەهۆی چاککردنەوەی ستادیۆمەکەیان، ناچارن یارییەکانیان لە شوێنی دیکە بکەن و هاندەرانیان تیمی خۆیان نەبینیوە. ئێمە وەک رێزێک، نرخی بلیتیمان بۆ هاندەرانی وان لە 1000 لیرەوە بۆ 100 لیرە دابەزاندووە."
رێدوان ئاشار نیگەرانیی خۆی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی سۆشیاڵ میدیا دەربڕی و پەیامێکی ئاراستەی سەرۆک و کارگێڕیی یانەکان کرد: "پێویستە پێش هاندەران، ئێمە ئاگاداری زمان و قسەی خۆمان بین. نابێت بۆ بەرژەوەندیی شەخسی، شارەکان بکەینە دوژمنی یەکدی. تۆپی پێ کێبڕکێیە و دەبێت لەنێو یاریگادا بمێنێتەوە."
هەردوو یانەکەی باکووری کوردستان لە خولی پلە یەکی تورکیا یاریدەکەن، و بڕیارە کاژێر 9:30ـی ئەمشەو بە کاتی هەولێر و ئامەد، رووبەڕووی یەکدی ببنەوە.
مێردین سپۆر ئەمساڵ بە هێزێکی زۆرەوە هاتووەتە مەیدان و چەند یاریزانێکی ناوداری گواستووەتەوە کە پێشتر لە ئامەد سپۆر یارییان کردووە.
رێدوان ئاشار گوتی: "مێردین شارێکە هەموو زمان و رەنگەکانی تێدایە، ئێمە لێرە بە برایەتی دەژین و دەمانەوێت ئەم برایەتییە لەنێو وەرزشیشدا رەنگبداتەوە."


