رووداو دیجیتاڵ
زینەدین زیدان، سەرپەرشتی دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسای کرد، بۆ ئەنجامدانی دوایین یاریی پشووی نێودەوڵەتی و تیپەکەی بۆ یاریی لووتکەی بەرامبەر بەلجیکا ئامادەیە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەم و لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، یاریزانانی فەرەنسا لە کلێرفۆنتەین مەشقی رۆندۆیان ئەنجامدا و زیدان سەرپەرشتی دوایین ئامادەکارییەکانی تیپەکەی کرد.
یارییەکە کاژێر 21:45 لە یاریگای ستاد دو فرانس لە پاریس بەڕێوەدەچێت، چاوەڕواندەکرێت زیدان لە یارییەکەدا چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەکەیدا بکات و چەند یاریزانێکی نوێ بەشێوەی سەرەکی یاریی بکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکە چاوی لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکەیە، بۆ ئەوەی وەکو پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی یەکەم یارییەکانی پشووی نێودەوڵەتی تەواو بکات.
فەرەنسا لە سێ یاریی رابردوودا دوو بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و 7 خاڵی کۆکردووەتەوە، بە جیاوازیی خاڵێک پێش هەڵبژاردەی بەلجیکایە.
هەفتەی رابردوو، فەرەنسا بە گۆڵێکی میشێل ئۆلیسێ لە بروکسل سەرکەوتنی بەرامبەر بەلجیکا بەدەستهێنا و ئەمشەو دەیەوێت بردنەوەکەی دووبارە بکاتەوە.
زینەدین زیدان، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا دەڵێت "هەمیشە دەمانەوێت ببەینەوە، چونکە لە سەرەتاوە رکابەرین. ئامانجمانە بگەڕێینەوە سەر یاریگا بۆ ئەوەی یارییەکەمان ببەینەوە. گرنگترین شت ئەوەیە بەباشی خۆمان ئامادەبکەین، تاکو بتوانین ئەوەی دەمانەوێت لەسەر یاریگا بیکەین. من رازیم بەو شتەی بینیم بەرامبەر ئیتاڵیا، رۆحییەتی تیپەکەم بەدڵ بوو و ئەمەش ئەوەیە کە بۆ من گرنگە."
زیزۆ گوتی "بێگومان گۆڕانکاری دەبێت. ئەمە یاریی چوارەممانە. رۆژی هەینی یاریمان کرد، ئێستا لە رۆژی یاریەکەداین، بۆیە نابێت هیچ شتێک تەنیا بۆ بردنەوە بکەین. گۆڕانکاری ژیرانە دەکەین، لە سەرووی هەموو شتێکەوە دڵنیا دەبین کە وەکو تیپێکی رکابەر دەمێنینەوە. بەلجیکا تیپێکە دەتوانێت بۆ هەر رکابەرێک کێشە دروست بکات. لە رووی بەکۆمەڵ و تاکەکەسییشەوە زۆر بەهێزن."




