رووداو دیجیتاڵ
جیسی مارش، راهێنەری پێشووی یانەی لیدز یونایتدی ئینگلیزی داوای دەستبەجێ دوورخستنەوەی یانەی مانچێستەر سیتی، لە رکابەرییەکانی پرێمەرلیگ دەکات، ئەوەش بەهۆی تۆمەتبارکردنی یانەکە، بە لادان لە یاسا و پەیڕەوە کارپێکراوە داراییەکانی پرێمەرلیگ.
مارش کە ئێستا راهێنەری هەڵبژاردەی کەنەدایە، پێیوایە ئەوەی ئەو لە پرێمەرلیگ بینیویەتی، دووپاتیدەکاتەوە کە ناڕوونی و دژیەکییەکی زۆر لە شێوازی بەڕێوەبردنی کارەکانی مانچێستەر سیتیدا هەیە.
مارش قسەی بۆ رۆژنامەی 'گاردیان'ی بەریتانی کردووە، دەڵێ، "پێموایە مانچێستەر سیتی دەبێ بەتووندی سزا بدرێت، پێموایە دەبێ دابەزێنرێت و لە پرێمەرلیگ دووربخرێتەوە، هەمووان دەیانزانی ئەوە رێگا راستەکەیە، هەمووان راستییەکانیان دەزانی".
مارش باسی ماوەی گواستنەوەی هاوینی 2022 دەکات و وەک نموونەی ناهاوسەنگییەکی روون دەیهێنێتەوە، ئەو دەڵێ، لە کاتێکدا لە لیدز یونایتد ناچاربووین رافینیا و کالڤن فیلیپس بفرۆشین، یەکێکیان بەبارسا و ئەویدیکەیان بە سیتی، بۆ ئەوەی هاوسەنگی دارایی بەدەست بهێنین لە بودجەی یانەکەدا، سیتی وایدانا کە ئەو قازانجی کردووە و داهاتی زیادی کردووە.
مارش دەڵێ، "ئێمە و مانچێستەر سیتی تاکە دوو تیپی ئەو هاوینەبووین کە رامانگەیاند، قازانجمان کردووە، ئێمە قازانجمان کردبوو، چونکە رافینیا و فیلیپسمان فرۆشتبوو، لە بەرامبەردا سیتی رایگەیاند کە قازانجیان کردووە، بەڵام من ئەوکاتیش گوتم، بەڕاستتانە؟ یان گاڵتە دەکەن؟ بەڕاستی ئەوە نوکتەیە.
راهێنەرە ئەمریکییەکە گومانی قووڵی خۆی ئاشکراکرد، لەبارەی وردەکارییە داراییەکانی سیتی، بەتایبەت لە دۆسێی گرێبەستکردن لەگەڵ ئێرلینگ هالاند، ئەو دەڵێ، "کاتێک ئەوان رایگەیاند هالاندیان لە دۆرتمۆند کڕیوە بەرامبەر تەنیا 52 ملیۆن پاوەند، بەڕاستی من بەگاڵتەجاڕییەوە گوتم، بەڕاست؟ دیارە وایە. دەمزانی کە دژیەکیی زۆر هەیە، بەڵام دەکرێ چی بڵێیت جگە لەوەی کە دەست بەرز بکەیتەوە و بڵێی، ئەمە تۆپی پێیە.
قسەکانی مارش هاوکاتە لەگەڵ ئاراستەکردنی 114 تۆمەتی لادان لە یاسا داراییەکانی پرێمەرلیگ، لەلایەن یانەی مانچێستەر سیتییەوە، لە ماوەی نۆ ساڵدا. دەستەی پرێمەرلیگ پێیانوایە یانەکە، پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی نموونەی گرێبەستی خەیاڵی، بۆ گەورەکردنی قەبارەی داهاتەکانی و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی و لەو پڕۆسەیەدا، مانچێستەر سیتی بڕی 900 ملیۆن پاوەندی زیادەی لە داهاتەکانیدا تۆمارکردووە.
لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەدا، مانچێستەر سیتی پێیوایە، ئەو بڕیارانەی لە دژی دراون، "هەڵەی گەورەی یاسایی و پرەنسیپ و راستییەکانن" و یانەکە بەفەرمی، داوای تێهەڵچوونەوەی بڕیاری لیژنەکەی کردووە.




