رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەیەوێت بەبردنەوە هەفتەکانی فیفا تەواو بکات و لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی کۆمەڵەی یەکەم بەردەوامبێت، کاتێک میوانداریی هەڵبژاردەی تورکیا دەکات.
ئیتاڵیا رۆژی یەکشەممە دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی چوارەم یاریی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە بۆلۆنیا ئەنجامدا و تیپەکەی رۆبێرتۆ مانچینی چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە.
یارییەکە کاژێر 21:45 لە یاریگای رێناتۆ دێل ئارا لە بۆلۆنیا بەڕێوەدەچێت.
لە یاریی رابردوودا ئیتاڵیا لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر فەرەنسا یەکسانبوو، پێشتر یارییەکی لە تورکیا بردووەتەوە و یارییەکی بەرامبەر بەلجیکا دۆڕاندووە.
ئازوری بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو و دۆڕانی بەلجیکا بەرامبەر فەرەنسا دەچێتە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەی یەکەم.
تورکیا لە سێ یاریی رابردوودا دۆڕاوە، تیپەکە بە دۆڕان لە یارییەکەی ئەمشەودا بە ئەگەری زۆرەوە ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی نەیشنسلیگ دەکات، سەرەڕای ئەوەی دوو گەڕی دەمێنێت.
رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لەبارەی یارییەکەوە گوتی "مۆنتێلا کاری باشی بۆ تورکیا کردووە و تیپەکەی گەیاندە مۆندیال، لەگەڵ ئەوەی هەندێک یاریزانی سەرەکیی لەدەستداوە، بەڵام هێشتا تورکیا تیپێکی گەورەیە. هەڵە دەبێت ئەگەر وا بیربکەینەوە یارییەکە ئاسانە، چونکە ئەوان بەرامبەر بەلجیکا دۆڕاون، هەڵەیەکی گەورە دەبێت بەباشترین شێوە ئەم یارییە ئەنجام نەدەین."




