رووداو دیجیتاڵ
دوایین یاریی مێژوویی لیۆنێل مێسی بە درێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رووبەڕووی مشتومڕ و قەیرانێکی کارگێڕیی گەورە بووەتەوە، دوای ئەوەی شاندی هەڵبژاردەکانی بورکینافاسۆ و بێنین ناڕەزایەتی تووندیان لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکان و خراپی خزمەتگوزارییەکان دەربڕی.
کێشەکە کاتێک دەستیپێکرد کە یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین بلیتی گەشتی ئاسایی (ئیکۆنۆمی) بۆ هەڵبژاردەی بورکینافاسۆ بڕی، ئەمەش وایکرد تیپی یەکەمی ئەو وڵاتە گەشتکردن بۆ ئەرجەنتین رەتبکاتەوە و لەبری ئەوان، تیپی ژێر 23 ساڵان ناچارکرا گەشتەکە ئەنجام بدات بۆ رووبەڕووبوونەوەی تانگۆ.
هاوکات شاندی هەڵبژاردەی بێنین کە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و مێسی یاریی دەکەن، بە فەرمی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بەهۆی ئەوەی گەشتکردن بە فڕۆکەی ئاسایی ژمارەیەک لە ئەندامانی شاندەکەی نارەحەت کردووە، هەروەها ئاماژەیان بە کەموکوڕیی گەورەی شوێنی مانەوەیان کردووە وەک نەبوونی هۆڵی گونجاوی وەرزش، نەمانی ئاوی گەرم لە نهۆمێکدا و تێکچوونی ساونا. شاندی بێنین بە تووڕەییەوە پرسیاری ئەوەیان کردووە "بۆ دوایین سەمای مێسی، کێ هەموو ئەو پارەیە دەخاتە گیرفانییەوە؟".
رەخنەکان روویان لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتینە کە بە مەبەستی بەدەستهێنانی زۆرترین قازانجی دارایی لە یاریی ماڵئاوایی مێسیدا فیدراسیۆنە بچووکەکانی ئەفریقیا هەڵدەبژێرێت تاوەکو تێچووی کەمتر خەرج بکات، لە کاتێکدا هاندەران چاوەڕوان بوون ماڵئاوایی ئەفسانە مێژووییەکەیان لەسەر یاریگەی مۆنۆمێنتال لە کەشێکی شایستەدا بەڕێوەبچێت.




