رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکانی یانەی ئاکرێ بۆ وەرزێکی نوێ لە خولەکانی تۆپی پێ، دەستیانپێکردەوە و تیپەکە بە 23 یاریزانەوە دەستی بە مەشق و راهێنانەکان کردووە، سەرۆکی شانازیی یانەکە دەڵێ، ئامانجی سەرەکیمان خولی پلە دووەکانی عێراقە نەک خولی نایابی کوردستان.
نزیکەی چوار مانگە، ئاکرێ لە یاریی و مەشق راوەستاوە، چەند رۆژێکە دەستیپێکردووەتەوە و دەستپێکی وەرزە نوێیەکە بۆ یانەکە، لەبەردەرگایە.
کاتێک لە مەشقەکانی تیپەکە ورد دەبیتەوە، دەتوانی بڵێی نیوەی پێکهاتەکە گۆڕاون، بەشێکی یاریزانەکان، ئەوانەی وەرزی پێشوون و 12 یاریزانی نویش گواستراونەتەوە.
لە نێو یاریزانە نوێیەکاندا، ئیسماعیل خدر یاریزانی پێشووی پێشمەرگەی هەولێر و هێمن نازم و ئەمیر ئیسماعیلیش لە یانەی هەندرێنەوە هاتوونەتە ئاکرێ. یونس سلێمانی راهێنەر وەک هەمیشە، سەرقاڵی ئامادەسازییە و بەوردی لە دۆخی مەشقەکان ورد دەبێتەوە.
سلێمان سترێس بەرووخساریەوە دیارە، بۆچی وایە؟ خۆی دەڵێ، "عەیبم نییە، بەڵام دەستپێکی وەرز بۆ راهێنەر کاتێکی هەستیارە و دەبێت تیپەکە بە زووترین کات هاوئاهەنگی لە نێوانیاندا درووستببێت".
ئەو یاریزانە نوێیانەی پەیوەندییان بەئاکرێوە کردووە، هەریەکەیان خاوەنی ئەزموونێکی جیاوازە.. دلێر حاتەم گۆڵپارێزی پێشووی یانەی بەلەدییەی موسڵە لە خولی پلە یەکەکانی عێراق، ئەمساڵ درێسی ئاکرێ دەپۆشێت.
سەجاد حوسێ، پێشتر یاریزانی یانەکانی زەورا و کەربەلا بووە، بەڵام بەهۆی پێکانەوە، ماوەیەکە لە یاریگاکان دوورە، بۆ ئەم وەرزە هاتووەتە ئاکرێ.
عەلی رەعد، بەرگریکاری وەرزی رابردووی یانەی ئەمواج، هەروەها ئەمیر ئیسماعیل، هێرشبەری پێشووی یانەی هەندرێن، لەگەڵ هێمن نازم، هێرشبەری پێشووی یانەی بەلەدییەی موسڵ و رەدوان خدری ناوەڕاستکاری وەرزی رابردووی یانەی پێشمەرگەی هەولێر، هەموو ئەو یاریزانانە، لەگەڵ یاریزانەکانی پێشووی ئاکرێ، بڕیارە لە دوو خولی جیاوازدا، هەوڵی سەرکەوتن بدەن.
کاتێک یانەیەک گۆڕانکاریی زۆر دەکات، دەبێ خەونێکی گەورەتری بونیادنابێت، ئەمە بۆ ئاکرێش راستە. تیپەکە وەک ئەوەی هۆزەڤان زاهیدی سەرپەرشتیاری یانەکە دەیڵێ، رکابەرییکردنە لەسەر نازناوی خولی کوردستان و خولی پلە دووی عێراقە.
مەردان خدری سەرۆکی شانازیی یانەی ئاکرێ هەمان ئامانج دووپاتدەکاتەوە، "بە راشکاوی پێت دەڵێم، خولی عێراقی ئامانجی سەرەکیمانە، بەڵام لە خولی کوردستانیش رکابەریی دەکەین و سوورین لەسەر ئەوەی ژماریەکی قورس بین".
ئاکرێ خاوەنی سێ گۆڵپارێز و 9 بەرگریکار، هەشت یاریزانی هێڵی ناوەند و سێ هێرشبەرە، یونس سلێمان بە 4-2-3-1 دڵخوازەکەی بەنێوبانگە و بەپێی ئەم ژمارانە بێت، پێکهاتەکەی یونس سلێمان ئامادەیە.




