رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرە و یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە جیا باس لە کاروانی یارییکردنی لیۆنێل مێسی و وازهێنانی ئەو ئەستێرەیە لە یاریی نێودەوڵەتی دەکەن.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە مێسی دوایین یاریی خۆی بەدرێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە ئەنجامدەدات و کاژێر 02:00 بەرامبەر هەڵبژاردەی بەنین یاریی ماڵئاواییکردنی دەکات.
لەبارەی وازهێنانی لیۆ لە یاریی نێودەوڵەتی ئەستێرە و یاریزانانی ئەو وڵاتە باس لە لیۆنێل مێسی و کەسایەتییەکەی دەکەن، ئانخێل دیماریا، هاوڕێیەکی نزیکی مێسییە و دەڵێت "لە راستیدا نەمدەزانی من یەکەم ئەرجەنتینیم زۆرترین یارییم لەگەڵ مێسی کردووە، ئێمە ساڵی زۆرمان بەیەکەوە بەسەربردووە و شانازییەکی گەورەیە وەکو یاریزان لەلایەن مارادۆناوە مەشقم پێدراوە و لەگەڵ باشترینی مێژوو یارییم کردووە کە بۆ من مێسییە و چێژی زۆرم لێی بینیووە."
دیماریا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای یاریی رۆزاریۆ سێنتراڵ و بانفیڵد قسەیکرد و گوتی "ئێمە نیوەی شەومان تێپەڕاندووە و بەفەرمی چووینە نێو ئەو رۆژەی کە کەس نایەوێت بێت، رۆژی ماڵئاواییکردن لە مێسی."
ئانخێل لەبارەی ئەوەی لە یارییەکەدا ئامادەدەبێت گوتی "قسەیەکی کورتم لەگەڵ مێسی کردووە، پێمگوتووە لە یارییەکەدا ئامادەدەبم، کەواتە پێش یارییەکە دەیبینم."
نیکۆلاس ئۆتامێندی، بەرگریکاری ئەرجەنتین وێنەیەکی خۆی لەگەڵ مێسی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "سبەی رۆژێکی زۆر تایبەتە، چونکە رۆژی گەورەترین یاریزانی هەموو سەردەمەکانە، شانازییەکی گەورەیە بەشێکم لە چیرۆکەکەت، ئەی بچووک."
نیکۆ پاز، ئەستێرەی لاوی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەبارەی لیۆنێل مێسییەوە دەڵێت "من یاریی بەرامبەر ئوردن بە سەرەکی یارییمکرد، مێسی هاتە لام، رەنگە بۆ ئەو ئاماژەیەکی سادە بووبێت، بەڵام بۆ من مانایەکی جیهانی بوو. پێیگوتم: وەرە، بڕۆ بۆی، زۆر متمانەم بە ئێوە هەیە. بەبێ ترس یاری بکە، هەروەک چۆن لە یانەکەتدا دەیکەیت. من سەرم سوڕما؛ بیستنی وشەی لەو جۆرە لە نموونەی باڵاتەوە باوەڕپێنەکراوە. لەوانەیە لەبیری نەبێت، لەوانەیە هەرگیز لەبیری نەبێت، بەڵام من ئەو ساتە بۆ هەمیشە لە دڵمدا دەهێڵمەوە."
کلاودیۆ تاپیا، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین وێنەی دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "دوایین و لە دڵەوە".
دانی، سەرتاشی تایبەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینە و لەسەر وێنەی دوایین مەشقەکانی تیپەکە نووسیوویەتی "دوایین مەشقەکانی سەرکردە".
جولیانۆ سیمیۆنی، وێنەی خۆی و مێسیی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "ئامادەین" و وێنەی دڵێک و ژمارە 10ـی داناوە.
رۆمان ڤیگا، یاریزانی ئەرجەنتینەوە و وێنەی خۆی و مێسیی داناوە و نووسیوویەتی "دوایین مەشق لەگەڵ باشترین یاریزانی جیهان، زۆر بەختەوەرم کە لێرەم، سوپاس بۆ ئەو شێوازەی نوێنەرایەتی ئەرجەنتینت پێی کرد."
ئێنزۆ فێرناندێز، ناوەڕاستکاری ئەرجەنتین وێنەی خۆی و مێسیی داناوە و نووسیوویەتی "سوپاس بۆ هەمیشە".
ڤالێن گۆمێز، یاریزانێکی لاوی ئەرجەنتینە و لەسەر وێنەی خۆی و مێسی نووسیوویەتی "هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات، ئەمڕۆ لەگەڵ تۆ بەشداری بکەم و بتوانم ئەم رۆژانەت لەگەڵ بەش بکەم لیۆ، سوپاس بۆ تۆ کە ئەرجەنتینیت."
سانتیاگۆ کاسترۆ، یاریزانی لاوی ئەرجەنتین لەسەر وێنەی خۆی و مێسی نووسیوویەتی "ساتی لەبیرنەکراو، گەورەترین خەونم هاتەدی."
ئێمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی ئەرجەنتین وێنەی خۆی و مێسی داناوە و نووسیوویەتی "سبەی دەیبەینەوە و ماڵئاوایی لە باشترین دەکەین."
لیۆنێل مێسی، خۆی وێنەکانی دوایین مەشقەکانی بەدرێسی ئەرجەنتینەوە بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "ئەو ساتانەی دەزانم بیریان دەکەم."




