رووداو دیجیتاڵ
خۆرخێ جیسوسی راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال رایگەیاند، راگەیێنراوەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی لەبارەی کێشەکانی لەگەڵ هەڵبژاردەکە خوێندووەتەوە و هەنگاوی داهاتووی خۆیشی ئاشکراکرد.
جیسوس بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە کاتی هاتنە دەرەوەی لە ماڵەکەی خۆی، رووبەڕووی پرسیاری رۆژنامەنووسان بووەوە، ئەو بەکورتی وەڵامی ئەو رۆژنامەنووسانەی دایەوە، کە بۆ وەرگرتنی یەکەم کاردانەوەی ئەو، چەند کاژێرێک بوو چاوەڕێی بوون.
دوێنێ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە راگەیێنراوێکدا، باسی لە کێشەکانی خۆی لەگەڵ جیسوس لە دوایین کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکەی کرد، هەروەها هۆکاری نیگەرانبوون و بەجێهێشتنی کەمپی هەڵبژاردەکەی روونکردەوە.
رۆناڵدۆ رایگەیاندبوو، جیسوس ئەو بەڵێنانەی نەبردووەتە سەر کە پێشتر بەوی دابوون، هەربۆیە بڕیاری رۆیشتنی لە کەمپەکەداوە و بۆ ئەوەش داوای لێبوردنی کرد و دووپاتیکردەوە، ئامادەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال.
جیسوس لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا گوتی، "بڵاوکراوەکەی رۆناڵدۆم خوێندەوە، ئێستا و وەک هەر رۆژێکی دیکەی ئاسایی، روودەکەمە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێ و بیر لە کارکردن، لە تیپەکەم و هەڵبژاردەکە دەکەمەوە".
رۆناڵدۆ لە راگەیێنراوەکەیدا دانیبەوەداناوە کە وەک کاپتنی هەڵبژاردەکە، بەهۆی بڕیاری رۆیشتنەوە لە کەمپەکە، سزای تووندتر بدرێت، بەڵام ئەوەشی نەشاردووەتەوە، کە هەڵسوکەوت و لێدوانەکانی جیسوس، ئەویان نیگەرانکردووە و راهێنەرەکەی بەبێ بەڵێن، ناوبرد.
رووداوەکە لە یاریی نێوان پۆرتوگال و نەرویج لە نەیشنسلیگی ئەمساڵ روویدا، کاتێک کریستیانۆ بۆ ماوەی نزیکەی 25 خولەک خۆی گەرمکرد بۆ یارییکردن، بەڵام بەشداریی لە یارییەکەدا نەکرد. رۆناڵدۆ گوتوویەتی بەڵێنم پێدرابوو 30 خولەک یاریی بکەم، بەڵام راهێنەر بڕیارەکەی خۆی نەبردە سەر.
تاوەکو ئێستا دیارنییە لە دوای راگەیێنراوەکەی رۆناڵدۆوە، دۆخی پەیوەندی نێوان ئەو یاریزانە و راهێنەرەکەی بەکوێ دەگات، میدیای پۆرتوگال دەڵێن، پێدەچێ فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال، لە چەند رۆژی داهاتوودا، روونکردنەوەی زیاتر بدات لەسەر دۆسێیەکە.




