رووداو دیجیتاڵ
یانەی میلانی ئیتاڵی خۆی بۆ هەنگاوی بەهێز لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا ئامادە دەکات، دوای ئەوەی پاڵپشتییەکی دارایی نوێی بەدەستهێنا کە ئاواتەکانی بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکەی و گەڕاندنەوەی پێگەی خۆی لەنێو گەورەکانی ئەورووپادا بەهێزتر دەکات. ئەو یانەیە پلانی بۆ دوو گرێبەستی گەورە داناوە و یەکێکیان یاریزانی ریال مەدریدە.
بەگوێرەی پێگەی فۆت مێرکاتۆی فەرەنسی، جێری کاردیناڵی، خاوەنی یانەی میلان، بڕی 50 ملیۆن یۆرۆی خستووەتە خەزێنەی یانەکەوە، لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی توانای دارایی یانەکە و خێراکردنی پڕۆژەی گەڕانەوەیە بۆ کێبڕکێ لەسەر بەرزترین ئاست.
ئەم هەنگاوە لە سایەی ئەو گوشارە داراییانەدا دێت کە رووبەڕووی رۆسۆنێری بووەتەوە، دوای شکستهێنانی لە گەیشتن بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بۆ دوو وەرزی لەسەریەک، هاوکات لەگەڵ تۆمارکردنی زیانی 24 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵی دارایی رابردوودا، لەگەڵ پێشبینیی بەردەوامبوونی کورتهێنان لە وەرزی 2026-2027ـدا.
لەسەر ئاستی وەرزشی، میلان پلانی هەیە سوود لە ماوەی گواستنەوەی زستانە وەربگرێت بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی، و ناوی هەریەک لە ئێندریكی بەرازیلی، هێرشبەری ریال مەدرید و گۆنزالۆ ئیناسیۆی پۆرتوگالی، بەرگریکاری سپۆرتینگ لێسبۆن، لەنێو دیارترین بژاردە پێشنیازکراوەکاندا دەردەکەون.
ئیناسیۆ ئامانجێکی کۆنی یانە ئیتاڵییەکەیە، دوای ئەوەی ناوی لە هاوینی رابردوودا بەستراوەتەوە بە رۆسۆنێرییەوە، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی ئێندریك زیاتر لە شێوازی خواستن (خواستن بە قەرز) نزیکە، بەهۆی هەوڵی هێرشبەرە بەرازیلییەکە بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی زیاتری یارییکردن.
لە بەرامبەردا، گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکارە پۆرتوگالییەکە رەنگە پێویستی بە وەبەرهێنانێکی دارایی گەورە هەبێت، ئەمەش کارگێڕیی میلان دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەک بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان ئاواتە وەرزشییەکانی و رەچاوکردنی لایەنە داراییەکانیدا.
میلان لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا نزیکەی 160 ملیۆن یۆرۆی خەرج کردووە و ئێستا لە پلەی پێنجەمی خولی ئیتاڵیادایە، هاوکات ئامانجی ئەوەیە بەردەوام بێت لە تۆکمەکردنی پێکهاتەکەی و گەڕانەوەی بۆ چامپیۆنزلیگ، هاوکات لەگەڵ پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی یاریگای سان سیرۆ و بەهێزکردنی ئامادەیی خۆی لە گۆڕەپانی ئەورووپادا.




