رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال بڕیاریدا بەشێوەیەکی کاتی کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی هەڵبژاردەی نیشتمانی سڕبکات، ئەمەش دوای جێهێشتنی کەمپی مەشق و راهێنانی هەڵبژاردەکە بە شێوازێکی پڕ لە مشتومڕ.
دەستەی تەمبێکردن لە فیدراسیۆنەکە بە فەرمی لێکۆڵینەوەی لە دژی رۆناڵدۆ دەستپێکردووە و بڕیارە دۆسێیەکە بەشێوەیەکی بەپەلە یەکلایی بکرێتەوە. تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەبارەی ماوەی سڕکردنەکەی نەدراوە، بەڵام بڕیارە کاتییەکە وەک رێکارێکی یاسایی پێشوەختە جێبەجێکراوە.
ئەم هەنگاوە تووندەی فیدراسیۆنی پۆرتوگال دوای ئەوە هات کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ خپرخێ جیسیوس راهێنەر لەسەر پێنەدانی خولەکی یارییکردن بەرامبەر نەرویج، کەمپی هەڵبژاردەکەی جێهێشت، دواتریش لە راگەیەنراوێکدا راهێنەرەکەی بە شکاندنی بەڵێنەکانی تۆمەتبار کرد.
بەپێی رێنوێنییە ناوخۆییەکانی پۆرتوگال، بەجێهێشتنی کەمپی نیشتمانی بەبێ مۆڵەت دەکرێت سزای دارایی قورس یان سڕکردنی یاریزان تاوەکو شەش مانگ لەخۆبگرێت، لە کاتێکدا پۆرتوگال ئامادەکاری بۆ یارییەکانی مانگی 11 دەکات و داهاتووی نێودەوڵەتیی رۆناڵدۆ بە تەواوی نادیارە.




