رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا رەتیدەکاتەوە ئەو بڕە پارەیە بدات، کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بەسەریدا سەپاندووە، بەهۆی هەوڵدانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ جولیان ئەلڤارێز، هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدرید.
میدیاکان دەڵێن، لالیگا پووچانە مامەڵە دەکات و سزایەکی پووچی بەسەر یانە کەتەلۆنییەکەدا سەپاندووە.
دۆسێی هەوڵدانی بارسێلۆنا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەلڤارێز، گەرمترین دۆسێی ماوەی گواستنەوەی هاوینی ئەمساڵ بوو.
ئەلڤارێز لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ مۆندیال، ویستی خۆی بۆ چوونە بارسێلۆنا راگەیاند، یانەی بارسێلۆنا هەوڵی زۆریدا گرێبەست لەگەڵ یاریزانەکە بکات، بەڵام ئاتلێتیکۆ مەدرید دەستبەرداربوونی لە یاریزانەکەی رەتکردەوە.
مەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەلڤارێز لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید، بڕی 500 ملیۆن یۆرۆیە.
ئاتلێتیکۆ، لە دۆسێیەکەدا یانەی بارسێلۆنا تۆمەتبارکرد بە پەیوەندیکردن بەو یاریزانەوە، لەگەڵ هەوڵدان بۆ رازیکردنی بەچوونە یانە کەتەلۆنییەکە، لە کاتێکدا ئەوەی بەبێ ئاگاداریی ئاتلێتیکۆ کردووە و لادانە لە سیستمی 'پاراستنی ماوەی گواستنەوە' کە چەندین رێوشوێنی بۆ گرێبەستکردنی نێوان یاریزانان و یانەکان داناوە.
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەفەرمی سکاڵای لەسەر بارسێلۆنا تۆمارکرد و بەهۆیەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، بڕیاریدا بارسا بەبڕی 602 یۆرۆ سزا بدات.
میدیاکان هێرشی زۆریانکردە سەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و سزاکەیان بە 'پووچ' ناوبرد، چونکە بڕی پێبژاردنەکەی بارسا، بە 'زۆر کەم' ناودەبەن.
وێڕایی زۆر کەمیی بڕی سزاکەی سەر بارسا، وەک رۆژنامەی 'مارکا' ئاشکرایکردووە، یانەی بارسێلۆنا بڕیاریداوە ئەو بڕە پارەیە بدات و داوای پێداچوونەوەی سزاکەی کردووە.
رۆژنامەکە دەڵێ، بارسا کێشە لە دانی ئەو پارە کەمەدا نییە، بەڵکو پێیوایە ئەوە پرەنسیپ و ئاکارە و نابێ بچێتە ژێرباری ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێنراوە، چونکە پێیوایە هیچ هەڵەیەکی نەکردووە.
بارسا دەڵێ، بەشێوازێکی دروست و یاسایی پەیوەندی بە ئەلڤارێزەوە کردووە و یانەکەشی لە هەوڵەکانی ئاگادارکردووەتەوە.




