رووداو دیجیتاڵ
رۆمانۆ فلۆریانی مۆسۆلینی، یەکەم گۆڵی خۆی لە خولی سێری ئا تۆمارکرد، بەوەش هاوکاریی تیپەکەی کرد بۆ بردنەوەیەکی گەورە لە ساسۆلۆ بە 6 - 2 گۆڵ.
رۆمانۆ نەوەی پینیتۆ مۆسۆلینی دیکتاتۆری پێشووی ئیتاڵیایە، یاریزانی یانەی لازیۆیە و بەو بردنەوەیە، تیپەکەی لە پێشەنگی ریزبەندی سێری ئا مایەوە بەکۆکردنەوەی 25 خاڵ.
کینیس تایلۆر، گۆڵی یەکەمی لازیۆی دوای تەنیا دوو خولەک لە دەستپێکردنی یارییەکە تۆمارکرد، بەرلەوەی کریستیان تۆرستفیدت ئەنجامەکە بۆ ساسۆلۆ یەکسان بکاتەوە لە خولەکی حەوت. بەڵام تیپەکەی پایتەختی ئیتاڵیا هەرزوو لە خولەکی 13 گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، بەرلەوەی فلۆریانی مۆسۆلینی، گۆڵی سێیەم لە خولەکی 17دا تۆمار بکات.
نەوەکەی مۆسۆلینی کە تەمەنی 23 ساڵە، یەکەمجارە بەدرێسی لازیۆوە گۆڵ تۆمار دەکات. ئەو یاریزانە ئەمساڵ لەگەڵ جینارۆ گاتوزۆی راهێنەری یانەکە، یاریزانی سەرەکییە.
فلۆریانی مۆسۆلینی، چاوی زۆری میدیاکانی ئیتاڵیای لەسەرە، ئەوەش لەبەر پاشخانی خێزانیی ئەوەوە، چونکە دایکی ئەو کە ئەلیساندرا مۆسۆلۆنییە، پێشتر ئەندام پەرلەمانی ئیتاڵیا و ئەورووپا بووە.
ئەلیساندرا، نەوەی پینیتۆ مۆسۆلینی دامەزرێنەری فاشییەتە لە ئیتاڵیا کە لە نێوان 1922 تاوەکو 1943 دەسەڵاتی وڵاتەکەی بەدەستەوەبووە.
ئەو یاریزانە، لە لێدوانێکدا دوای یارییەکە دەڵێ، دڵخۆشم بەتۆمارکردنی یەکەم گۆڵم لەگەڵ لازیۆ، بەڵام لەوە زیاتر، بەبردنەوەی تیپەکەم دڵخۆشم.
ئەو هەروەها دەڵێ، "راهێنەر هەموو کات دووپاتیدەکاتەوە کە دەبێ باشترینی خۆمان پێشکەش بکەین، نابێ بە رێژەی 80 لەسەدی توانامانەوە دەربکەوین، دەبێ سەد لە سەدی خۆمان پێشکەش بکەین".
وێڕای باشترین سەرەتا لە مێژووی یانەکە لە خولی ئیتاڵیا، گاتوزۆ دووپاتیکردووەتەوە کە پێویستە یانەکە چاوی لەسەر ئەنجامەکان بێت.
ئەو دوای یارییەکە دەڵێ، نابێ چاومان لەسەر خشتەی ریزبەندی بێت، ئەگەرنا تووشی سەرئێشە دەبین و دەگەینە ئەوەی کە پێمانوایە ئێمە ناوازەین.
گاتوزۆ دووپاتیدەکاتەوە، پێویستە لازیۆ کاری زیاتر بکات و هەموو یارییەک، مامەڵەی تایبەت لەگەڵ ئاست و ئەنجامی خۆیدا بکات.




