رووداو دیجیتاڵ
مەهدی بن عەتییە، یاریزانی پێشووی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، بەهۆی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینییەوە گاڵتە بە ریزبەندیی باڵۆندۆر دەکات و دەڵێت "هەموو ساڵەکەی لە مەیامی بەسەردەبات، کەچی دەبێتە پێنجەم باشترینی جیهان".
ئەستێرەی پێشووی مەغریبی دەپرسێت "ئایا هاندەرانی تۆپی پێی ئەورووپا زیاتر لە ئۆلیسێ سەیری مێسییان دەکرد؟!"
مەهدی بن عەتییە، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی مەغریب بۆچوونی خۆی لەبارەی ریزبەندیی کۆتایی خەڵاتی باڵۆندۆری 2026 بڵاوکردەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە لیۆنێل مێسیی یاریزانی ئینتەرمەیامی و رۆدری یاریزانی بارسێلۆنا.
هاری کەین هێرشبەری یانەی بایرن میونشن بۆ یەکەمجار لە ژیانی وەرزشیدا خەڵاتی باڵۆندۆری بەدەستهێنا و پێش کیلیان ئێمباپێی یاریزانی ریال مەدرید (دووەم) و لامین یامالی یاریزانی بارسێلۆنا (سێیەم) کەوت.
بەرگریکاری پێشووی یوڤێنتوس و بایرن میونشن پێیوایە دانانی لیۆنێل مێسی لە پلەی پێنجەم و رۆدری لە پلەی چوارەم شایستە نەبووە.
بە پێی هەواڵێکی فوت مێرکاتۆ، بن عەتییە سەبارەت بە مێسی گوتی "هەموو ساڵەکەی لە مەیامی بەسەردەبات و دواتر وەرزەکە بە پلەی پێنجەم تەواو دەکات، ئایا هاندەرانی تۆپی پێی ئەورووپا زیاتر لە ئۆلیسێ سەیری مێسییان دەکرد؟!".
ئاماژەی بەوەشکرد "راستە لە مۆندیالدا سەرسوڕهێنەر بوو، هەموو تیپەکەش یاری بۆ دەکات، هەموو رێزێک بۆی؛ ئەو تەمەنی ئێمەیە، بەڵام چۆن پێم بڵێیت مێسی لە پلەی پێنجەمدایە؟".
سەبارەت بە رۆدری یاریزانە مەغریبیەکە گوتی "چۆن دەتوانێت پلەی چوارەم بێت لەکاتێکدا تەنیا چوار مانگ لەم وەرزەدا یاریی کردووە؟".




