رووداو دیجیتاڵ
میدیای نزیک لە یانەی بارسێلۆنا ئاشکرایانکردووە، کارگێڕیی یانەکە بڕیاریداوە ئەو بەشەی پەیژەکانی یاریگاکە دابخات کە ناوی 'گۆڵ 1957'ە، پاشئەوەی یانەکە رووبەڕووی سزا بووەوە، لە دوای یاریی کلاسیکۆ.
سەرچاوە کەتەلۆنییەکان دووپاتیدەکەنەوە، ئەو بەشەی یاریگاکە، هەڕەشەی لەسەر کۆی یارییەکانی بارسێلۆنا لە وەرزی ئەمساڵ، لە نێو یاریگای خۆی دروستکردووە.
بارسا بڕیاریداوە بەشی 'گۆڵ 1957' لە یاریگاکەی، لە یارییەکەی ئەمشەوی تیپەکە، بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس دابخات و رێگا نادرێت هیچ هاندەرێک لەکاتی یارییەکەدا لەو بەشەی یاریگاکە بێت، ئەوەش وەک هەنگاوێکی پێشوەختە، بۆ خۆپاراستنی یانەکە، لە مەترسیی داخستنی یەکجارەکی.
بڕیارەکە، مشتومڕێکی زۆری لەنێو میدیاکان و لایەنگرانی یانەکەدا دروستکردووە. هەندێک لە گرووپەکانی هاندەرانی بارسێلۆنا، گلەیی ئەوەیانکردووە کە یانەکە بەهۆی چەند کەسێکەوە، سزای ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی خۆی داوە.
مەترسیداریی ئەو بەشەی یاریگاکەی بارسێلۆنا، لە کلاسیکۆدا دەرکەوت، کاتێک لە دوای گۆڵی دوومی ریال مەدرید، ژمارەیەک هاندەرانی بارسێلۆنا کە نزیکبوون لە شوێنی ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی ریال مەدرید، ئاڵا و دەبەی ئاویان گرتە یاریزانانی ئەو یانەیە و بەتایبەت ئێدواردۆ کاماڤینگا کە گۆڵی سەرکەوتنی ریال مەدریدی دروستکرد.
سەرچاوەکان دەڵێن، بڕیاری کارگێڕیی یانەکە بەداخستنی ئەو بەشەی یاریگاکەی، ناچاریبووە، چونکە یانەکە هۆشداریی لەلایەن سەرپەرشتیارانی لالیگاوە پێگەیشتووە، دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە لە چەندین یاریی پێشووی یانەکەدا و ئەگەری دووبارەبوونەوەی لە یارییەکانی داهاتوودا، دوورنییە یانەکە رووبەڕووی سزایەکی تووندی وەک بێبەشکردن لە یاریگاکەی خۆی یان بێبەشکردنی هاندەران لە ئامادەبوون لە یارییەکانی یانەکە، بکاتەوە.
رۆژنامەی 'مۆندیۆ دیپۆرتیڤ' لە سەرچاوەکانی ناو یانەکەی گواستوەتەوە، دەستەی لالیگا ژمارەیەک سکاڵای لەسەر یانەی بارسێلۆنا تۆمارکردووە، سکاڵاکان بۆ لیژنەی تەمبێکاری سەر بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بەرزکراونەتەوە.
سکاڵاکان، لە دژی دروشمی نەشیاو، سووکایەتی و رووداوی دیکەی نێو هەمان بەشە پەیژەی یاریگاکە تۆمارکراون. لالیگا گوتوویەتی، ئەو رووداوانە لە یارییەکانی ئەم وەرزی یانەکە، بەرامبەر ریال مەدرید، خیتافی، رایسینگ سانتاندێر و ئاتلێتیک بیلباو دووبارەبوونەتەوە.
لە بەرامبەر ئەو دووبارەبوونەوەیەدا، بارسا خۆی لەبەردەم هاوکێشەیەکی قورسدا دۆزیوەتەوە، سزادانی بەردەوام لەلایەن لالیگاوە کە زیان بەناوبانگی یانەکە دەگەیەنێت، لەگەڵ مەترسیی راستەقینە و بەردەوامی داخستنی کامپ نو بۆ یارییەک یان چەند یارییەک، کە ئەوەش کارەساتێکی گەورەی ئابووری بەسەر یانەکەدا دەهێنێت.
کارگێڕیی بارسێلۆنا، بۆ رێگرتن لە ئەگەری سزادان بەداخستنی هەموو پەیژەکانی یاریگاکەی، بڕیاری گرتنەبەری رێوشوێنی تووندی داوە، بەتایبەت کە لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، پێیانوایە رووداوەکان ناوە ناوە روونادەن، بەڵکو بەردەوام دووبارە دەبنەوە.
بارسێلۆنا بڕیاریداوە، بەر لە یاریی بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا لە چامپیۆنزلیگ، لەگەڵ هاندەرەکانی گفتوگۆ بکات، بۆ ئەوەی واز لە دووبارەکردنەوەی سووکایەتی و هێرشەکانیان بهێنن، بەڵام ئەگەر نەگاتە رێکەوتن و بەڵێن وەرگرتن لەوەی چیدی سووکایەتی بە یاریزانانی تیپەکانی دیکە ناکەن، ئەگەر هەیە یانەکە لەسەر داخستنی ئەو بەشەی یاریگاکەی بەردەوام بێت.




