رووداو دیجیتاڵ
فیرمین لۆپێزی یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لە پەیامێکی رووندا، بەر لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید گوتی، ئەوان زیانی زۆریان پێگەیاندووین، ئێستا دەبێ کۆنترۆڵی هەموو وردەکارییەک بکەینەوە، بەشێوازی خۆمان یاریی بکەین و براوەبین، بۆ ئەوەی ببینە پاڵەوان.
لۆپێزی تەمەن 23 ساڵان، گەیشتووەتە یاریی ژمارە 150 لەگەڵ یانەکەی، دەیەوێت تیپەکەی تۆڵەی شکستی وەرزی رابردوو لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بکاتەوە، کە توانی بارسا لە چامپیۆنزلیگ دەربکات.
لۆپێزی لە چاوپێکەوتنێکدا بەر لە یارییەکە و لەباسی ئەو دوو شکستەی ئاتلێتیکۆ دووچاری بارسای کرد و بەهۆیەوە لە جامی شا و چامپیۆنزلیگ دەریکرد، دەڵێ، "ئێمە زۆر بەهەڵپەنین بۆ یارییەکە، لە کۆتاییدا هەر یارییەکی دیکەی ئاساییە، بەڵام دەزانین کە زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی ئەوان وەرزی رابردوو زیانی زۆریان پێگەیاندین و دووجار ئێمەیان کردە دەرەوە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "دەزانین ئەوان تیپێکی مەزنن، یارییەکەمان لێ قورس دەکەن. ئێمە دەبێ کۆنترۆڵی هەموو وردەکارییەک بکەین، هیوای سەرکەوتن بۆخۆمان دەخوازین، لەبەرئەوەی زۆر گرنگ دەبێت و دەبینەوە پێشەنگی خولەکە".
لەبارەی ئەو وانانەی یانەکەی لە شکستەکانی وەرزی رابردوو، بەرامبەر ئاتلێتیکۆ دووچاری بوو، ئەو دەڵێ، "هەر تیپێک ستایلی خۆی هەیە، ساڵی رابردوو ئەوان لە ستایلەکەی ئێمە تێگەیشتن و زیانی گەورەیان پێگەیاندین".
ناوەڕاستکارەکەی بارسێلۆنا زیاتر دەڵێ، "پێموایە ئێمە ئاستێکی زۆر باش پێشکەش دەکەین، بەتایبەت لە یارییەکەی ئاستۆن ڤێلادا ناوازەبووین، بەرگرییەکی باشمانکرد، هەندێک شت هەیە دەکرێ باشتری بکەین، دەکرێ هەندێکجار لە ئاستی خۆماندا نەبین و ئەوەش کاریگەریمان لەسەر دروست بکات، بەڵام ئێمە هەوڵی زۆر دەدەین بۆ کۆنترۆڵی دۆخەکە، ئەوەش لەپێناو کەمکردنەوەی خاڵە بەهێزەکانی ئەوان و سەپاندنی ستایلی خۆمان".
فیرمین لە دوایین سەردانیدا بۆ یاریگای میترۆپۆلیتانۆ، بەلێوێکی قاشبووەوە یاریگای بەجێهێشت و نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات، ئەو دەڵێ، "ئەو یارییە و یارییەکەی وەرزی پێشوو بەرامبەر ئینتەر، زۆر قورس بوون، ئازارێکی زۆرم بەهۆی لێومەوە تووشبوو، ناچاربووم لە نەخۆشخانە بۆم بدوورنەوە، ئازاری شکستەکەش زۆر گەورە بوو".
بارسێلۆنا، سبەی شەو کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە نێو میترۆپۆلیتانۆ دەبێتە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەر لە یارییەکە بارسا پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە بە 30 خاڵ و ئاتلێتیکۆش بە 28 خاڵ، دووەمی خولەکەیە.




