رووداو دیجیتاڵ
ئەلبێرتۆ نونێز ڤیێخۆ، سەرۆکی پارتی گەلی ئیسپانیا و بەربژێر بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی وڵاتەکە، ئاماژەی بەئەگەری پاشەکشەی وڵاتەکەی، لە رێکخستنی مۆندیالی 2030 کردووە، ئەگەر مافی میوانداریکردنی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، نەدرێتە وڵاتەکەی.
ڤیێخۆ، لە میانی دەرکەوتنی لە پڕۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، "دەبێ یاریی کۆتایی مۆندیال لە شوێن و جێگای سرووشتیی خۆی بکرێت کە روونە ئەو شوێنە ئیسپانیایە".
کاتێک پرسیاری لێکرا، لەبارەی ئەوەی ئایا داوای پاشەکشەی ئیسپانیا دەکات، لە میوانداریکردنی مۆندیال، ئەگەر مافی میوانداریکردنی یاریی کۆتایی بە مەغریب بدرێت، ئەو یەکلاکەرەوانە گوتی، "بەڵێ، وەڵامەکە بەڵێیە".
بڕیارە هەریەکە لە ئیسپانیا، پۆرتوگال و مەغریب میوانداریی مۆندیالی 2030 بکەن بەهاوبەشی، بەڵام فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)، تاوەکو ئێستا شوێنی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەی دیاریی نەکردووە، لە کاتێکدا هەریەکە لە ئیسپانیا و مەغریب سوورن لەسەرئەوەی مافی میوانداریکردنی یارییەکەیان، لەسەر خاکی خۆیان هەیە.
ئیسپانیا گرەوەکە لەسەرئەوە دەکات، یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بکرێت، لە کاتێکدا مەغریب، گرەو لەسەر تەواوبوونی یاریگایەکی نوێ لە بنسلێمانی نزیک کازابلانکا دەکات، کە جێگای نزیکەی 115 هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە.
پێشتر فەوزی لەقجەع، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی مەغریب، دووپاتیکردبووەوە کە یاریی کۆتایی مۆندیال، لەسەر خاکی مەغریب دەکرێت، "جا ئەوە بەدڵی هەندێک کەس بێت یان نا".
لە نێو مشتومڕی نێوان ئیسپانیا و مەغریبدا، فیفا بەفەرمی رایگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا بڕیاری لە شوێنی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە نەداوە.




