رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی پێداچوونەوەی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی 'فیفا'، بڕیاری دا بەشێک لە تانەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین دژ بە سزا سەپێنراوەکانی سەر چەند یاریزانێکی هەڵبژاردەکە قبوڵ بکات. ئەو سزا سەپێنراوانەی پەیوەندییان بە رووداوەکانی یاریی کۆتایی جامی جیهانی 2026 لە بەرامبەر ئیسپانیاوە هەبوو.
بەپێی بڕیارەکە، سزای ناهوێل مۆلینا کەم کرایەوە، بەڵام سزای لیاندرۆ پاردێس وەک خۆی مایەوە.
بەپێی ئەوەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، فیفا سزای مۆلینا، یاریزانی پێشووی ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە سڕکردن لە 7 یاری بۆ 4 یاریی کەمکردووەتەوە. هەروەها بڕی پارەی سزاکەشی لە 90 هەزار دۆلارەوە بۆ 60 هەزار دۆلار کەم کردووەتەوە.
لە بەرامبەردا، فیفا سزای لیاندرۆ پاردێسی، یاریزانی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی بەبێ گۆڕانکاری هێشتووەتەوە؛ واتا 10 یاری سڕکردن لەگەڵ 90 هەزار دۆلار سزای دارایی.
یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتینیش لە راگەیێندراوێکی فەرمییدا ئاشکرای کردووە کە داوای وەرگرتنی هۆکار و وردەکارییەکانی بڕیارەکان دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت تانە لە بڕیارەکان بدات لەبەردەم دادگای وەرزشیی نێودەوڵەتی CAS.
یەکێتییەکە جەختی کردووەتەوە کە 'بەڵگەی پێویستی لەڕووی یاساییەوە' لەبەردەستدایە بۆ داوای پێداچوونەوە بە سزا سەپێنراوەکان.
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە کە دادگای وەرزشیی نێودەوڵەتی CASسەرقاڵی لێکۆڵینەوەی قەیرانی یارییەکی کۆتاییی دیکەیە؛ ئەویش یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا 2025 لە نێوان مەغریب و سەنیگال، کە بڕیارە کۆتاییەکەی لە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا رابگەیێنێت.




