رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا بەهێزکردنی هێڵی بەرگریی خستووەتە سەرووی کارنامەی کارەکانی بۆ مێرکاتۆی زستانەی داهاتوو، ئەمەش دوای ئەوەی سەرلەنوێ گرنگی بە گواستنەوەی رود نیجستادی بەرگریکاری لاوی هۆڵەندی و یاریزانی یانەی تڤێنتێ دا، کە پێشتر لە هاوینی رابردوودا ناوی لە پلانەکانی یانە کەتەلۆنییەکەدا بوو، پێش ئەوەی یاریزانەکە بڕیار بدات لەگەڵ یانەکەی بەردەوام بێت.
بەپێی ماڵپەڕی 'تریبونا'، بارسێلۆنا دەستپێشخەرییەکانی بۆ ئامادەکاری مێرکاتۆی زستانە دەستپێکردووە و نیجستادی تەمەن 18 ساڵی خستووەتە نێو دیارترین ئەو ناوانەی بۆ بەهێزکردنی هێڵی دواوە بەربژێر کراون، ئەمەش لەژێر رێنمایی بەڕێوەبەری وەرزشی دێکۆ بۆ زیادکردنی یاریزانی گەنج بۆ ئەم شوێنە و پێدانی هەڵبژاردەی زیاتر بە هانزی فلیکی راهێنەر.
یانە کەتەلۆنییەکە بەدوای بەرگریکارێکدا دەگەڕێت کە بتوانێت لە تەنیشت پاو کوبارسی، جێرارد مارتن و ئاندریاس کرێستنسن کێبرکێ بکات، بەتایبەت لەگەڵ پشتیوانیکردنی فلیک لە ئێریک گارسیا و ژول کۆندێ لە پۆستی بەرگریکاری راستدا؛ هۆکارێک کە کارگێڕی ناچار دەکات بژاردەی نوێ بۆ قووڵایی بەرگری تیپەکە لێکۆڵینەوە لەسەر بکات.
20 ملیۆن یۆرۆ رێگری لە گربەستەکە دەکات
نیجستاد جارێکی دیکە گەڕایەوە سەر راداری بلاوگرانا دوای ئەوەی لە مێرکاتۆی هاوینی رابردوودا سەرنجی بەرپرسانی یانەکەی راکێشا، بەهۆی توانا جەستەییەکانی، زیرەکی لە هێڵی دواوەوە، کە ئەو خاسییەتانە کە لەگەڵ داواکارییەکانی فلیک لە بەرگریکاراندا دەگونجێن.
بەڵام رۆژنامەی 'سپۆرت' ئاماژەی بەوە کرد کە تڤێنتێ نرخەکەی بە نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆ خەمڵاندووە، لە کاتێکدا بەرگریکارە لاوەکە گرێبەستێکی هەیە کە تاوەکو مانگی 6 ساڵی 2029 لەگەڵ یانەکەی بەردەوام دەبێت؛ ئەمەش پێگەیەکی بەهێز بە یانە هۆڵەندییەکە دەدات لە دانوستاندنەکاندا.
قەیرانە داراییەکانی بارسێلۆنا ئاڵۆزیی تەواوکردنی گربەستەکە زیاتر دەکات، ئەوەش کارگێڕیی وەرزشی پاڵنەر دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە بژاردەی دیکە، لەوانە یۆرێل هایتۆ بەرگریکاری چێڵسی، کاستێلۆ لوکێبا بەرگریکاری لایپزیگ و ئارسەر دیاس بەرگریکاری پاراناینس، لە کاتێکدا دەرفەتی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەلیساندرۆ باستۆنی و یۆشکۆ گڤاردیۆل ئێستا لە مەحاڵ نزیکە.
سەرەڕای گرنگیدانی بارسێلۆنا ، بڕیاری مانەوەی نیجستاد لە تڤێنتێ ئاسان نەبوو، دوای ئەوەی سەرنجی ژمارەیەک لە گەورەترین یانەکانی ئەورووپای راکێشا، لەوانە ئەیاکس، ئایندهۆڤن، فاینۆرد و یۆڤێنتوس، لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکەدا.
موریس، باوکی یاریزانەکە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی 'NRC'ی هۆڵەندی، پەردەی لەسەر نهێنییەکانی بڕیاری کوڕەکەی لادا و دووپاتیشی کردەوە کە مانەوە لە تڤێنتێ خواستی کەسیی خۆی بووە، سەرەڕای فرەیی دەستەوارە و بژاردە بەردەستەکان.
موریس گوتی "ئەمە بڕیاری کەسیی تەواوی ئەو بوو".
نیجستاد بە هاوڕێیەتی دایک و باوکی و نوێنەرانی گەیشتە قۆناخی سەردانیکردنی ژمارەیەک یانە و لێکۆڵینەوە لە بژاردە بەردەستەکانی بەردەمی، پێش ئەوەی لە کۆتاییدا بڕیار بدات گەشتەکەی لەگەڵ تڤێنتێ بەردەوام بێت، سەرەڕای ئەوەی بارسێلۆنا ئەو یانەیەیە کە خەونی لەبەرکردنی درێسەکەی دەبینێت.
یاریزانەکە و باوکی باسیان لە دیارترین خاسییەتە هونەرییەکان کرد کە بەرگریکارە لاوەکە جیادەکاتەوە، لە کاتێکدا نیجستاد دانی بەوەدانا کە پێکدادانە جەستەیییەکان بەهێزترین خاڵی نین، روونیشیکردەوە "ئەمە ئەو لایەنە نییە کە بەهێزترین خاڵەکانم تێیدا بن. دەگمەنە بکەومە نێو ئەوەی باوکم ناوی دەنێت شەڕی لێدان و تێکەڵبوونی جەستەیی، چونکە ئەمە زیاتر خاسییەتی ئەو بوو".
نیجستاد پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی 'فوتبال ئینتەرناشناڵ' دڵخۆشی خۆی بە گرنگیدانی بارسێلۆنا دەربڕیبوو و گوتی"ئەمە گەورەترین یانەیە لە جیهاندا. کاتێک یانەیەکی بەم قەبارەیە دەیەوێت گرێبەستت لەگەڵ بکات، ئەوە شتێکی مەزنە".
هەروەها پشتڕاستیشی کردەوە کە پەیوەندی لە نێوان بارسێلۆنا و تڤێنتێدا روویداوە، بەڵام روونی کردەوە کە یانەکەی لەسەر هەڵوێستی خۆی سوور بوو و ئامادەیی پێشان نەدا بۆ ئاسانکردنی رۆیشتنی، بۆ ئەوەی بەرگریکارە لاوە هۆڵەندییەکە هەنگاوی گواستنەوە بۆ یەکێک لە گەورەکانی ئەورووپا بۆ کاتێکی دیکە دواخات، سەرەڕای بەردەوامبوونی گرنگیدانی یانە کەتەلۆنییەکە بە تواناکانی.




