رووداو دیجیتاڵ
ماوریسیۆ پۆچیتینۆی ئەرجەنتینی وەک یەکێک لە دیارترین بەربژێرەکان بۆ شوێنگرتنەوەی مایکڵ کاریک لە راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد دەرکەوتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە راهێنەرەکەی ئێستای هەڵبژاردەی ئەمریکا دەرگای کراوەیە بۆ تاقیکردنەوەی ئەزموونێکی نوێ لە ئۆڵدترافۆرد.
لەگەڵ رۆیشتنی کاریک لە پۆستەکەی لە ماوەی وەستانی یارییە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەزموونی پێشووی پۆچیتینۆ لە پرێمەرلیگ لەگەڵ هەریەکە لە تۆتێنهام و چێڵسی، وەک دیارترین هۆکار دەبینرێت کە کارگێڕیی مانچێستەر یونایتد هان بدات بۆ هەڵبژاردنی. رۆژنامەی 'زە سەن'ـی بەریتانی پێیوایە ئەو راهێنەرە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندییە کە گونجاوی دەکەن بۆ ئەو ئەرکە و 5 هۆکاری سەرەکی خستووەتەڕوو:
1. پەرەپێدانی بەهرەمەندە لاوەکان
پۆچیتینۆ مێژوویەکی درەوشاوەی هەیە لە پێگەیاندنی یاریزانان و گەیاندنیان بە بەرزترین ئاست، وەک ئەوەی لەگەڵ هاری کەین، سۆن هیونگ مین، دێلی ئالی و کۆڵ پاڵمەر کردی.
پاڵمەر پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ 'BBC' لە مانگی 3ـی 2024 گوتی"ئازادی یاریکردنی بە شێوازەکەی خۆم پێدام، رۆژانە لەسەر هەموو شتێک قسەت لەگەڵ دەکات نەک تەنیا تۆپی پێ، بەڵکو ژیانیش، زۆر باش دەزانێت چۆن هەست بە ئارامی بکەیت و باشترین ئاستت لێ دەربێنێت هەروەها سۆن هیونگ مین دوای دوورخستنەوەی پۆچیتینۆ لە تۆتێنهام نووسیبووی"وشەکان ناتوانن پێزانینم دەرببڕن، نەک تەنیا لە تۆپی پێ، بەڵکو لە ژیانیشدا زۆر شتت لێ فێربووم".
لە مانچێستەر یونایتدیش کۆمەڵێک لاوی بەهرەمەند هەن کە دەتوانێت کاریان لەسەر بکات، لە سەرووی هەموویانەوە کۆبی ماینۆ، شانبەشانی لێنی یۆرۆ، ئایدن هێڤن، پاتریک دۆرگۆ، کارلۆس بالێبا و ئاماد دیالۆ.
2. گەڕاندنەوەی رۆحیەت بۆ ژووری جلگۆڕین
دوای رۆیشتنی سێر ئەلێکس فێرگسۆن، یونایتد بەردەوام بەدەست لاوازیی رۆحیەت و یەکگرتوویی تیپەکەوە دەناڵێنێت. رالف رانگنیکی راهێنەری پێشووی تیپەکە ئەمەی بە گەورەترین بێهیوایی خۆی ناوبرد کردبوو، هاوکات گاری نێڤڵ چەندین جار ئاماژەی بە دزەپێکردنی زانیارییەکانی نێو ژووری جلگۆڕین کردووە.
پۆچیتینۆ لەم رووەوە جیاوازە و گرنگییەکی زۆر بە لایەنی کەسی و خێزانیی یاریزانەکان دەدات:
دێلی ئالی وەک 'باوک' ستایشی کردبوو و گوتبووی "کاتێک کارێکی هەڵەم دەکرد بانگی دەکردم و قسەی لەگەڵ دەکردم".
هاری کەین لە ساڵی 2016 گوتبووی "کەشێکی خێزانی و برایەتی لەنێوان یاریزانەکاندا دروست کردووە".
3. ئەزموونی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو یانانەی کە قەیرانیان هەیە
پۆچیتینۆ هەمیشە لە دۆخی سەختدا ئەرکی وەرگرتووە و توانیویەتی تیپەکان لە قەیرانی هونەری و دەروونی رزگار بکات. کاتێک چووە تۆتێنهام، تیپەکە لە دۆخێکی شێواودا بوو، بەڵام توانی لە وەرزی 2016-2017 پلەی دووەمی پرێمەرلیگیان بۆ بەدەستبهێنێت و لە 2019 بیانگەیەنێتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
لە چێڵسیش دوای ئەوەی تیپەکە وەرزی پێشووتری لە پلەی دوازدەیەم کۆتایی پێهێنابوو، توانی سەرەتا خراپەکە تێپەڕێنێت، تیپەکە بگەڕێنێتەوە بۆ پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان و کۆڵ پاڵمەر بکاتە ئەستێرەی یەکەم.
4. پەیوەندیی باش لەگەڵ میدیای ئینگلیزی
گوشاری میدیا و رەخنەی ئەستێرەکانی پێشووی یانەکە یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکان لە ئۆڵدترافۆرد، کە پێشتر هەریەکە لە رۆبن ئامۆریم و ئێریک تێن هاگ گلەییان لێ کردبوو.
بە پێچەوانەوە، پۆچیتینۆ پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ رۆژنامەڤانانی بەریتانیا هەیە و پێشتریش لە بەرنامەی 'Stick to Football'ـی گاری نێڤڵ دەرکەوتووە. تەنانەت نێڤڵ لە مانگی 1ـی رابردوودا، پۆچیتینۆی شانبەشانی تۆماس توخێل و کارلۆ ئەنچێلۆتی وەک گونجاوترین بژاردەکان بۆ شوێنگرتنەوەی ئامۆریم دیاری کردبوو.
5. زیندووکردنەوەی کاروانی مارکوس راشفۆرد
گەڕاندنەوەی ئاستی راستەقینەی مارکۆس راشفۆرد یەکێکە لە دۆسێیە هەرە گرنگەکانی نێو مانچێستەر یونایتد. راشفۆردی تەمەن 29 ساڵ، کە ئەم وەرزە دوای 18 مانگ دوورکەوتنەوە و یاریکردن بە خواستن لە ئاستۆن ڤێلا و بارسێلۆنا گەڕاوەتەوە، لە 8 یاریدا هیچ گۆڵ و ئەسیستێکی نەکردووە و بەهۆی پێکانەوە لە چەند یارییەک دابڕاوە.
راشفۆرد کە خاوەنی 138 گۆڵە بۆ مانچێستەر یونایتد، پێشتر سەرسامیی زۆری پۆچیتینۆی بەدەستهێناوە؛ راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە لە ساڵی 2022 لەبارەیەوە گوتبووی "هەمیشە راشفۆردم خۆشویستووە و پێموایە یاریزانێکی نایابە، تەنیا پێویستی بە متمانەبەخۆبوونە تاوەکو بگاتە بەرزترین ئاست".




