رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر یونایتد زیاتر لە 144 ملیۆن دۆلار (نزیکەی 108 ملیۆن پاوەند)ی لە گرێبەستکردن و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی راهێنەراندا خەرجکردووە، لە کاتێکدا یانەکە لەماوەی تەنیا دوو ساڵدا، کۆی 322 کارمەندی خۆی، لەپێناو کەمکردنەوەی خەرجییەکاندا، دەرکردووە.
ئەو پارە زۆرەی یانەکە لە گرێبەستکردن و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی راهێنەران و دەستەی یاریدەدەرانیاندا خەرجیکردووە، دووپات لە قووڵیی کێشە کارگێڕییەکانی یانەکە و دووبارەکردنەوەی هەڵەی بەردەوام لە بڕیاردا دەکاتەوە.
تێچووی هێنان و دوورخستنەوەی راهێنەران، پێشبینیکراوە زیاتر بێت، پاشئەوەی یانەکە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی مایکڵ کاریکی راهێنەری راگەیاند و نزیکە لەوەی گرێبەست لەگەڵ ماوریسیۆ پۆچێتینیۆی ئەرجەنتینی بکات.
یونایتد ناچارە بڕی 7.4 ملیۆن پاوەند بداتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکا، بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ماوریسیۆ لەگەڵ فیدراسیۆنەکە. جیا لەوەش، سەرچاوەکان پێشبینیدەکەن یونایتد، بڕی 5 ملیۆن پاوەند قەرەبووی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست، بداتە کاریک و یاریدەدەرەکانی.
ئەو پارەی زۆرەی یانەکە لە دوای رۆیشتنی سێر ئەلێکس فێرگسۆنەوە لە ساڵی 2013 خەرجیکردووە، لە کاتێکدایە کە یانەکە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، کۆی 322 کارمەندی خۆی لە کارەکانیان دوورخستەوە، پاشئەوەی بڕیاریدا خەرجییەکانی کەمبکاتەوە.
یونایتد لە ماوەی حەوت وەرزی رابردوودا کۆی 444 ملیۆن پاوەند زیانی کردووە، ئەوەش کارگێڕیی یانەکەی خستووەتە بەردەم ئاڵنگارییەکی گەورە، لە کاتێکدا یانەکە دەیەوێت لە رێگای دەرکردنی کارمەندەکانییەوە، خەرجییەکانی کەمبکاتەوە، پارەیەکی زۆر لە گرێبەستکردن لەگەڵ راهێنەران، بەهەدەر دەدات.
مایکڵ کاریک، مانگی یەکی رابردوو لە شوێنی رۆبن ئامۆریم، مەشقدانی یانەکەی بەشێوەی کاتی وەرگرت، بەرلەوەی لە مانگی پێنجدا گرێبەستەکەی بکرێتە هەمیشەیی بۆ ماوەی دوو ساڵ. ئەو راهێنەرە هێشتا 18 مانگ لە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە مابوو، کاتێک دوورخرایەوە و لەگەڵیدا هەریەکە لە ستیڤ هۆلاند و جۆناسان ودگێت، هەمان چارەنووسیان دەبێت.
یونایتد پێشتر 11 ملیۆن پاوەندی داوەتە سپۆرتینگ لیسبۆنا، بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ رۆبن ئامۆریم. بەرلەوەی دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرە و یاریدەدەرەکانی، کۆی 8.2 ملیۆن پاوەند لەسەر یانەکە بکەوێت. یانەکە هەروەها بڕی 10.4 ملیۆن پاوەندی دایە ئێریک تێن هاگ و یاریدەدەرەکانی، کاتێک دوای تەنیا 116 رۆژ، بەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو راهێنەرە، لەگەڵ یانەکە تێپەڕیبوو.
زنجیرەی پارە بەهەدەردانەکانی یانەکە بۆ بەرلەوە دەگەڕێتەوە، دوورخستنەوەی ئۆلی گۆنار سۆلشایەری نەرویجی لە مەشقدانی یانەکە لە ساڵی 2021دا کۆی 9.1 ملیۆن پاوەند لەسەر یونایتد کەوت. بەرلەوەی رالف رانگینگی ئەڵمانی بەگرێبەستێکی کاتی، ببێتە راهێنەر و دواتر راوێژکاری یانەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ. بەڵام ئەو رێکەوتنە هەرگیز جێبەجێنەکرا و دوورخستنەوەی رالف و یاریدەدەرەکانی، کە بووە هۆی داڕشتنەوەی پەیکەربەندیی یانەکەش، کۆی 14.7 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانەکە بکەوێت.
هەرچی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالییە، ئەو زۆرترین پارە لەسەر یانەکە کەوت، پاشئەوەی دوورخستنەوەی لە مەشقدانی تیپەکە، یانەکەی ناچارکرد بڕی 19.6 ملیۆن پاوەند بداتە راهێنەرەکە و یاریدەدەرەکانی.
دوورخستنەوەی لویس ڤان خالی هۆڵەندیش، یەکێکی دیکەبوو لەو کارانەی یانەکەی ناچارکرد بڕی 8.4 ملیۆن پاوەند بدات.
چیرۆکی دوورخستنەوەی راهێنەران و پێدانی مافە داراییەکانیان لە دوای سێر ئەلێکس فێرگسۆنەوە لە 2013 دەستپێکرد، کاتێک داڤید مۆیز کە بڕیاربوو لە دوای فێرگسۆنەوە بە گرێبەستێکی شەش ساڵی لە مەشقدانی یانەکە بەردەوام بێت، بەڵام ئەو راهێنەرە تەنیا دە مانگ لە کارەکەی مایەوە و بەتێچووی 4.9 ملیۆن پاوەند، پۆستەکەی لێوەرگیرایەوە. جیا لەوەش یانەکە ناچاربوو بڕی 2.4 ملیۆن پاوەندی دیکە بداتە مایک فیلان و رینێ مۆلینستینی یاریدەدەرانی مۆیز.




