رووداو دیجیتاڵ
گفتوگۆ و مشتومڕەکان دەربارەی سروشتی پەیوەندییەکەی نێوان زینەدین زیدان، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا و کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی ریال مەدرید بەردەوامن؛ بەتایبەتی دوای ئەوەی یاریزانەکە لە یاریی دژی ئیتاڵیا دوورخرایەوە.
نەبوونی کیلیان ئێمباپێ لە راهێنانەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا پێش رووبەڕووبوونەوەی ئیتاڵیا، تەنیا هەواڵێکی ئاسایی پەیوەست بە تەندروستی نەبوو؛ بەڵکو لە کاتێکی زۆر هەستیاردا لە کەمپی هەڵبژاردەی فەرەنسا روویدا.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی فەرەنسا ئاشکرایان کرد کە پەیوەندی نێوان سەرکردەی هەڵبژاردەکە و راهێنەرەکەی، زینەدین زیدان، تووشی گرژی بووە. ئەمەش بەهۆی ناکۆکییەکان سەبارەت بە شوێنی ئێمباپێ لە ناو یاریگا و شێوازی بەکارهێنانی لەلایەن راهێنەرەکەی، لەگەڵ هەبوونی هەندێک کەشوهەوای نالەبار لە ژووری جلگۆڕیندا.
رەگ و ریشەی ئەم گرژییە دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم کەمپی زیدان وەک راهێنەری هەڵبژاردەکە؛ کاتێک بڕیاری دا ئێمباپێ لە پۆستی هێرشبەری باڵی چەپ یاری پێ بکات و عوسمان دێمبێلێش لە سەرەڕم بەکاربهێنێت.
ئەم بڕیارە وەک گۆڕانکارییەک لە پێگەی ئەم ئەستێرەی ریال مەدرید لە سیستمی هێرشبردنی تیپەکەدا لێکدرایەوە، بەتایبەتی کە ئێمباپێ لە ماوەی دواییدا حەزی بە یاریکردن لە پۆستی هێرشبەری سەرەڕمە.
لەکاتێکدا زیدان هیوادار بوو لە دوو یاریی گرنگی دژی ئیتاڵیا و تورکیا لە چوارچێوەی خولی نەتەوەکانی ئەورووپا سوودمەند بێت لە تواناکانی ئەم یاریزانە، هەواڵی تووشبوونی ئێمباپێ بە کێشەیەکی ماسوولکەیی لە بەشی پشتەوەی ران، بۆیە بەشدارینەکردنی بەرامبەر ئیتاڵیا راگەیێنرا؛ بەڵام هێشتا هیوای بەشداریی لە یاریی دژی تورکیا ماوە.
لەگەڵ زیادبوونی مشتومڕەکان دەربارەی پەیوەندی نێوان زیدان و ئێمباپێ، زانیاریی نوێش دەرکەوت کە ئاماژە بە هەبوونی گرژی لەنێوان هەردوو لا دەکەن.
"ئێمباپێ وەک ئەستێرەیەکی لەخۆبایی رەفتار دەکات"
سیریل هانۆنا، پێشکەشکاری بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان لە کەناڵی W9 و یەکێک لە لایەنگرانی گەورەی پاریس سانجێرمان، گوتی "وا دەردەکەوێت کیلیان ئێمباپێ، بەهۆی زۆریی پێکانەکانی، ئارەزووی یاریکردنی نەبێت. ئەو لە باشترین دۆخی خۆیدا نییە و زۆر گرنگی بە یاریی دژی ئیتاڵیا نادات، چونکە ئەم یارییە لە چوارچێوەی خولی نەتەوەکانی ئەورووپایە و یارییەکی گرنگ نییە".
بەقسەی ئەو پێشکەشکارە بێت، ئێمباپێ وەک ئەستێرەیەکی لەخۆبایی رەفتار دەکات و ئەمەش لەلایەن زینەدین زیدانەوە جێگەی قبوڵ نییە.
"زیدان وەک دێشامپ لەگەڵ ئێمباپێ نەرم نابێت"
هانۆنا بەردەوام بوو و گوتی "لەگەڵ هەموو ئەم پێکانانە و نائامادەیی جەستەییە، ئێمباپێ ئارەزووی یاریکردنی نییە. ئەمانە زانیاریی پشتڕاستکراون کە لام هەن. زینەدین زیدان وەک دیدی دێشام لەگەڵی نەرم و میهرەبان نابێت".
هەروەها زیاتر دەڵێت "کیلیان ئێمباپێ وەک ئەستێرەیەکی لووتبەرز رەفتاری کرد و گوتی: بەڵێ، پێکانی زۆرم هەیە، نازانم یاری دەکەم یان نا". زینەدین زیدانیش وەڵامی دایەوە "باشە، وەک دەزانیت، یاری ناکەیت. سوپاست دەکەم، لە شوێنی خۆت دەمێنیتەوە".
هانۆنا لە بەرنامەی «Tout beau, tout neuf» ـەکەیدا بەردەوام بوو لە قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە و گوتی "ئێمباپێ ئەم قسانە رەت دەکاتەوە، وەک خۆتان دەزانن، بەڵام من زانیاریی ناوخۆییم لەبەردەستە. ئەوەیە ئەوەی پێتان دەڵێم، خۆشەویستانم".
هەروەها دەشڵێت "کیلیان هەندێک ناکۆکی لەگەڵ دیدی دیشام هەبوو، بەڵام ئەو تا راددەیەک چاوی لێپۆشیبوو، بەڵام زیدان لەو بابەتەدا سازش ناکات. دەبێت بزانن کە بارودۆخەکە لەنێوان ئێمباپێ و هەڵبژاردەی فەرەنسا زۆر پڕگرژییە؛ ئەو نە لەگەڵ هاوڕێکانی لە تیپەکەدا رێکە و نە لەگەڵ زیدان".
هەروەها گوتی "پێت دەڵێم، دەستخۆش زینەدین زیدان، تۆ بوێریت هەیە. ئێمباپێ لە تیپەکە دەرناکەوێت؛ زیدان پێیگوتووە: ئەم یارییە ناکەیت، بەڵام ئەگەر بەباشیرەفتار بکەیت، رۆژی یەکشەممە یاری دەکەیت".
هەلی هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ سەرکەوتن
هەڵبژاردەی فەرەنسا ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیتاڵیا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ئێوارە لە شاری میلان ئەنجام دەدرێت، بە چەند ئامانجێکی گرنگەوە.
گرنگی ئەم یارییە تەنیا لە ملمـلانێی نێوان دوو هەڵبژاردەی پێشەنگی گرووپی یەکەمی خولی نەتەوەکانی ئەورووپا نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دیاریکردنی تیپە سەرکەوتووەکان بۆ قۆناخی چارەک کۆتاییەوە هەیە، لەگەڵ هەلی تەواوکردنی قۆناخی گرووپەکان لە پلەی یەکەمدا پێش گەڕی کۆتایی.
هەڵبژاردەی فەرەنسا بە راهێنەرایەتی زینەدین زیدان، لە ریزبەندیی گرووپەکەدا پێشەنگی گرتووە و ریزبەندییەکە بەمشێوەیە:
فەرەنسا: 10 خاڵ
ئیتاڵیا: 7 خاڵ
بەلجیکا: 6 خاڵ
تورکیا: بێ خاڵ و لە پلەی کۆتاییدایە.
یاریی چوونی نێوان فەرەنسا و ئیتاڵیا بەئەنجامی یەک بە یەک کۆتایی هاتبوو؛ لەو یارییەدا هەڵەی لوکاس دا کونیـا بووە هۆی تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە بۆ ئیتاڵیا.
هەڵبژاردەی فەرەنسا لە یاریی پێنجشەممەدا بە ئامانجی مسۆگەرکردنی سەرکەوتن بۆ قۆناخی چارەک کۆتایی دەچێتە یاریگا، پێش ئەوەی بیر لە بەدەستهێنانی پلەی یەکەم بکاتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی رۆژنامەڤانیی فەرەنسی RMC، فەرەنسا چارەنووسی خۆی لە دەست خۆیدایە؛ چونکە تەنانەت یەکسانبوونیشی لە بەرامبەر ئیتاڵیا بەسە بۆ ئەوەی لە دوو پلەی یەکەمدا بێت و دەرچێت بۆ چارەکی کۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەورووپا، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی ئەنجامی گەڕی کۆتایی بکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە ملمـلانێی راستەوخۆ لەنێوان ئیتاڵیا و بەلجیکا بۆ بەدەستهێنانی کارتی دووەمی سەرکەوتن هەیە؛ هەردوو تیپەکەش رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە بروکسل رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
بەمەش، بەدەستهێنانی یەک خاڵ لەلایەن فەرەنساوە لە یاریگای سان سیڕۆ، بەس دەبێت بۆ ئەوەی لە حیساباتی ئاڵۆزی سەرکەوتن دوور بکەوێتەوە.




