رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی رێککاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، بڕیاری راگرتنی جیسوس ئۆونۆی گۆڵیارێزی یانەی ئاندۆرا و هەڵبژاردەی گینیای کەمەرەیی راگەیاند، پاشئەوەی بەبەکارهێنانی هێزی زیادە، ئەو گۆڵپارێزەی لە رووداوی گیانلەدەستدانی جیسوس دی میگێلی هێرشبەری تێنریفی، تۆمەتبارکرد.
وردەکاریی رووداوەکە، رۆژی دووی ئەم مانگە روویدا، لە یاریی نطێوان هەردوو یانەی ئاندرۆرا و تێنریفی لە خولی پلە دووی ئیسپانیا. ئەوکات بەرکەوتنی تووند لە نێوان ئۆونۆ و دی میگێل روویدا، ئەوی دووەمیان بەبێهۆشی کەوتە سەرزەوی، چارەسەری بۆکرا و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام رۆژی دواتر گیانیلەدەستدا.
لە دوای رووداوەکە، ناوبژیوان ئەو گۆڵپارێزەی بەکارتی سوور کردە دەرەوە، بەڵام گیانلەدەستدانی دی میگێل، سەرنجی زۆری خستە سەر رووداوەکە و ئەو گۆڵپارێزە رووبەڕووی رەخنەی زۆری هاندەران بووەوە.
لیژنەی رێککاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاندووە، "هەڵسەنگاندنی هەڵسوکەوتی گۆڵپارێزەکە پشتی بەراپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکە بەستووە. ناوبژیوان ئاماژەی بە کردنەدەرەوەی گۆڵپارێزەکە داوە، بەهۆی 'لێدانێکی بەهێز بە قاچی، بۆ سەر سنگی یەکێک لە یاریزانانی تیپی بەرامبەر'، هەروەها زیاد لەپێویست، هێزی بەکارهێناوە".
فیدراسیۆنەکە هەروەها دەڵێ، "ئەنجامی کارەساتباری رووداوەکە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دی میگێل، بۆ هەمووان روونە، بەلەبەرچاوگرتنی هەڵسوکەوت و دۆخی رووداوەکە، سزای راگرتنی 12 یاری بۆ ئەو گۆڵپارێزە، رەوایە".
لەهەمان چوارچێوەدا، پۆلیسی ئیسپانیا ئاشکرایکردووە کە لێکۆڵینەوە، بەسەرپەرشتی دادگا بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری تەواوی رووداوەکە دەستیپێکردووە.
لای خۆیەوە، ئۆونۆ، پێشتر لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندبوو کە هەست بەئازارێکی زۆری دەروونی دەکات، ئەو گوتبووی، "لە سەختترین رۆژانی ژیانمدا دەژیم، زەحمەتییەکی زۆر دەبینمەوە لە دۆزینەوەی ئەو وشانەی دەتوانن ئەوەی لە ناخمدایە دەری ببڕم".
لە سۆشیال میدیاوە، هاندەرانی تۆپی پێ لە ئیسپانیا، بەشی زۆرینەیان لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە ئۆونۆ، زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی هێز بەرامبەر دی میگێل کردووە و هەندێک کەس، ئەویان بە "بەکوشتنی بەئەنقەست" تۆمەتبارکرد.




