رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی، چەند بیرۆکەیەکی بۆ رێکخستنی ئاهەنگی وازهێنانی لە یاریی تۆپی پێ لەمێشکیدایە، لەوانەشە یارییەکی وازهێنانی یەکجارەکی لە ریازی پایتەختی سعودیە ئەنجام بدرێت؛ لەڕێگەی یارییەکی تایبەت کە نەسڕی سعودی بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆرتوگال یاری بکات، بەبێ بەشداری راهێنەر خۆرخێ جیسوس.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەفەرمی رایگەیاندووە کە لە یارییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال وازی هێناوە، بەمەش پەڕەیەکی مێژوویی لە کاروانی وەرزشیی خۆی دادەخات؛ ئەو گەشتەیەی زیاتر لە دوو دەیەی خایاند.
لەهەمانکاتدا، گریمانەکان دەربارەی ئەگەری وازهێنانی یەکجارەکی رۆناڵدۆ لە تۆپی پێ دوای کۆتایی وەرزی 2027 لەگەڵ نەسڕی سعودی لەزیادبووندان.
ئاهەنگێک لە ریاز و بانگهێشتێکی تایبەت بۆ مێسی
عەبدولعەزیز ئەلمورەیسڵ، رۆژنامەنووسی سعودی ئاشکرای کردووە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بیر لە بانگهێشتکردنی دیارترین یاریزان و راهێنەرەکان دەکاتەوە؛ ئەو کەسانەی بەبڕوای ئەو شایستەی بەشداریکردنن لە ئاهەنگی ماڵئاواییەکەید.
لەنێو ئەو ناوانەدا رکابەرە مێژووییەکەی، لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و ئەفسانەی ئەرجەنتینی هەیە؛ هەنگاوێک کە لەوانەیە ژمارەیەک لە دیارترین ئەستێرەکانی تۆپی پێ کۆبکاتەوە، ئەوانەی لەماوەی درێژی کاری وەرزشیی رۆناڵدۆدا هاوسەردەمی بوون.
ئەلمورەیسڵی هەروەها ئاشکرای کردووە کە یەکێک لە کەسانی نزیکی کاپتنەکەی نەسڕ پێشنیازی رێکخستنی چەند یارییەکی رێزلێنان و یادکردنەوەی لە پێنج کێشوەری جیهاندا کردووە، کە ئەمانەن:
ــ ئەمریکای باکوور.
ــ ئەورووپا.
ــ ئەمریکای باشوور.
ــ ئەفریقا.
ـ ئاسیا.
بەپێی ئەم پێشنیازە، بانگهێشتەکان لەنێوان هاوڕێکانی پێشووی، راهێنەران و کاراکتەرە بەنێوبانگەکان دابەش دەکرێن، بۆ ئەوەی رۆناڵدۆ دەرفەتی بەشداری لە یارییە تایبەتەکاندا لە هەندێک لە بەناوبانگترین یاریگاکانی جیهاندا هەبێت.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ وردەکارییەکانی سەرکێشییە نوێیەکەی لەگەڵ تێری هێنری ئاشکرا دەکات
ئەلمورەیسڵ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم بیرۆکەیە هێشتا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام رۆناڵدۆ پێشوازییەکی گەرم لێی کردووە؛ چونکە ئەو حەزدەکات لە یاریگای جیاواز لە سەرانسەری جیهاندا بەشداری لە یارییەکانی رێزلێناندا بکات، بەشێوەیەک کە قەبارەی خۆشەویستی و بەناوبانگییەکەی و بڵاوبوونەوەی هەوادارانی لە کیشوەرە جیاوازەکاندا پیشان بدات.
بۆچی رۆناڵدۆ نایەوێت هاوکاری لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگال بکات؟
لە بەرامبەردا، ئەلمورەیسڵ ئاشکرای کردووە کە رۆناڵدۆ ئارەزووی هاوکاری لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگال بۆ رێکخستنی یارییەکی رێزلێنان نییە، لەگەڵ بەردەوامبوونی خۆرخی جیسوس وەک راهێنەری هەڵبژاردەکە.
ئەم بابەتە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی یارییەکی ماڵئاوایی لەنێوان نەسڕی سعودی و هەڵبژاردەی پۆرتوگال، بەو شێوەیەی پێشنیاز کراوە، ئەنجام نەدرێت، بەڵام دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە هەموو ئەم وردەکارییانە لە چوارچێوەی زانیارییەکانی گواستراوە لەلایەن رۆژنامەنووسەکەوە دەمێننەوە و تاوەکو ئێستا هیچ راگەیاندنێکی فەرمی لەلایەن کریستیانۆ رۆناڵدۆوە دەربارەی رێکخستنەکانی وازهێنانە یەکجارەکییەکەی بڵاونەکراوەتەوە.



