رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ ساڵ لە مشتومڕ و گومان، کە تۆپی پێی ئیسپانیای هەژاند، لێکۆڵینەوە لە دۆسێی نێگرێرا لە رووی هونەرییەوە، بەفەرمی کۆتایی هات، بەوەش چاوەڕوانیی گەورە دەستپێدەکات، ئایا دۆسێیەکە بەیەکجاری دادەخرێت، یان دەبرێتە بەردەم دادگا.
دۆسێیەکە تاوەکو ئێستا، بەیەکێک لە مەترسیدارترین دۆسێیەکانی گەندەڵی لە تۆپی پێدا ناودەبرێت.
جیرارد لۆپێز، راهێنەری پێشووی تیپی 'بارسێلۆنا ئاتلێتیک'، دوایین کەسبوو کە لە دادگای لێکۆڵینەوە و لەبەردەم ئەلیخاندرا جیلی دادوەردا، کە دادوەری لێکۆڵینەوەی دۆسێیەکەیە، قسەی لەبارەی دۆسێیەکەوە لێوەرگیرا.
قسەکانی لۆپێز، کۆتایی بە گوتە وەرگرتن لەسەرجەم ئەو کەسانە هێنا، کە پەیوەندییان بەدۆسێیەکەوە هەبوو. دوای ئەوە دادوەر چاوەڕێی راپۆرتی دارایی بارسێلۆنا دەکات، بەرلەوەی لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا، بەیەکجاری چارەنووسی دۆسێیەکە یەکلایی بکاتەوە.
لۆپێز کە لە نێوان 2015 تاوەکو 2018 سەرپەرشتی تیپی دووەمی بارسێلۆنای کردووە، بەسەختی بەرگری لە راپۆرتەکانی خاڤیێر ئینریکێز نێگرێرای کوڕی ماریا ئینریگێز نێگرێرای جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا، کردووە کە ئەو بۆ یانەی بارسێلۆنای ئامادە دەکردن.
ئەو راهێنەرەی پێشووی تیپی دووەمی بارسێلۆنا، لەبەردەم دادگادا گوتوویەتی، راپۆرتەکان زۆر سوودیان هەبووە، زۆر گشتگیربوون، بەتایبەت لەماوەی مەشقدانی بارسێلۆنا ئاتلێتیک لە خولی پلە دووی وڵاتەکە، ئەو خولەی کە لەلایەن میدیای ئیسپانیاوە رووماڵی زۆر دەکرێت و بینەری زۆری هەیە.
لۆپێز زیاتر روونیکردووەتەوە، کە وێنە و شرۆڤە تەلەڤیزیۆنییەکان، وایاندەکرد لێکۆڵینەوە لە رکابەرەکان و ناوبژیوانان زەحمەتتر بێت، بەڵام راپۆرتەکانی کوڕەکەی نێگرێرا، قەرەبووی ئەو زەحمەتییەیان دەکردەوە بەئاسانی.
ئەو هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە، راپۆرتەکان نوێ و ورد بوون، زانیاریی تەواویان لەسەر یارییەکان تێدابوو، ئەوەش وایدەکرد دستەی راهێنەران سەرنجیان لەسەر یارییەکان باشتر بێت کاتێک خۆیان بۆ یارییەکان ئامادە دەکرد.
قسەکانی لۆپێز، رەهەندێکی دیکە نوێ بەو دۆسێیە دەدات، کە پێشتر رادیۆی 'کادینا سێر' لە ساڵی 2023 ئاشکرایکردبوو، کە پەیوەندی بەپارەدانی بارسێلۆنا بۆ ماوەی 17 ساڵ بە نێگرێرا و کوڕەکەی هەیە.
دادگا لێکۆڵینەوە لە ئەگەری تاوانی کارگێڕی و ساختەکردنی بەڵگەنامەکان و گەندەڵیی وەرزشی دەکات لە دۆسێیەکەدا، لە کاتێکدا بارسێلۆنا ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێ، لە بەرامبەر خزمەتگوزاریی راوێژکاری و هونەری، پارەی بە نێگرێرا و کوڕەکەی داوە.
پێشتر، تۆنی ئەلۆنسۆ، نێردەی تیپی لاوانی بارسێلۆنا بۆ ماوەی 32 ساڵ، لەبەردەم دادوەردا گوتەی لێوەرگیرابوو.
ئەلۆنسۆ گوتبووی مامەڵە لەگەڵ راپۆرتەکانی ناوبژیوانان، لە راهێنەرێکەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاواز بوو. هەندێک راهێنەری وەک جیرارد لۆپێز، پشتیان پێدەبەست و سوودیان لێدەبینی، لە کاتێکدا هەندێک راهێنەری دیکە، لەسەرووی هەمووانەوە، لویس ئینریکێ، تەنیا چاوی لەسەرئەوەبوو کە لە نێو یاریگادا دەتوانێت ئەنجامی بدات، وایدادەنا ناوبژیوانان، لە دەرەوەی یاریگان.
دادوەری دۆسێیەکە، ئێستا چاوەڕێی راپۆرتی دارایی یانەی بارسێلۆنا دەکات، کە لەسەر داوای یانەی ریال مەدرید (وەک زیانمەند لە دۆسێیەکە)، دەبێ یانە کەتەلۆنییەکە بیخاتە بەردەم دادگا.
لەگەڵ داخستنی دەرگای گوتەدان و ئامادەبوونی کەسەکان لەبەردەم دادوەردا، دۆسێیەکە دەچێتە قۆناخی کۆتاییەوە، بەرلەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
دادوەر یان بڕیار دەدات کە دۆسێیەکە لە سنووری کاری یاسایی دەرنەچووە و پڕۆسەکە، دروستە و بەوەش دۆسێیەکە بەیەکجاری دادەخات، یان بۆچوونێکی دیکەی لەسەر دۆسێیەکە دەبێت و بڕیاردەدات، ئاراستەی دادگای باڵاتری بکات، ئەوەش سیناریۆیەکە، ئەگەر رووبدات، جارێکی دیکە یەکێک لە دۆسێ هەرە ئاڵۆزەکانی وەرزش لە جیهاندا، دەخاتەوە بەردەم زنجیرەیەک لە مشتومڕی بەردەوام.



