رووداو دیجیتال
رۆژی یەکشەممە یارییەکانی وەرزی نوێی خولی یانە پلەدووەکانی عێراق دەسپێدەکەن، هەریەک لە یانەکانی ئاکرێ، سلێمانی و شێروانە سێ نوێنەری کوردستانن لە خولەکەدا.
ئەمساڵ یارییەکانی خولەکە بە بەشداریی 20 یانە بەڕێوەدەچێت. دوای تەواوبوونی یارییەکانی خولەکە، کە بەشێوازی چوون و هاتن بەڕێوەدەچن، دوو یانە بۆ ریزی یانە پلەیەکەکانی عێراق سەردەکەون.
یانەی ئاکرێ، کە چەند ساڵێکە گەشانەوەیەکی زۆری لە خولی نایابی کوردستان و جامی کوردستان پێوە دەبیندرێت، ئەمساڵ بە کۆکردنەوەی ژمارەیەک لە ئەستێرە بە ئەزموون و ئاستبەرزەکانی ناوخۆی کوردستان ئەسپی خۆی تاوداوە، لە دەستپێکی خولەکەدا یاریی لەگەڵ یانەی حەوێجە دەکات.
ئاکرێ یارییەکە لەنێو یاریگەی خۆیدا ئەنجام دەدات و دەیەوێت بە پاڵپشتی هاندەرانی یەکەم سەرکەوتن تۆماربکات، هۆزەڤان زاهد، سەرپەرشتیاری یانەی ئاکرێ بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئێمە دەمانەوێت ببینە ناوێکی دیار و ژمارەیەکی قورس لەسەر ئاستی عێراق، هەنگاو بە هەنگاو دەمانەوێت بگەینە ریزی خولی ئەستێرەکان، ئەمساڵ ئامادەکارییەکانمان زۆر باشە و هاوشێوەی وەرزی رابردوو، کە نازناوی خولی پلەسێی عێراقمان بردەوە، دەمانەوێت ببینە پاڵەوانی خولی پلە دوو".
یانەی سلێمانی دوای دابڕانێکی زۆر و ماڵئاوایی دەیان ئەستێرەی وەک هەڵگورد مەلا محەممەد، ئەحمەد سالار و دەیانی دیکە، ساڵانێکی زۆر وەک سوورپۆشانی پایتەختی رۆشنبیری لە خولی نایابی عێراق بەرامبەر یانە گەورەکان یارییان کرد، تیپەکە لەسەر نەخشەی خولەکە رەش بووەوە، بەڵام سلێمانی هاتووەتەوە نێو چالاکییەکان و لە یەکەم یارییدا رکابەری یانەی ئوم رەبیعێنی شاری موسڵ دەکات.
لە گەرمیانیش یانەی شێروانە بەشدارە، گەرمیانییەکان چاوییان بڕیووەتە ناردنی نوێنەرەکەیان بەرەو یانە دیارەکانی عێراق، یەکەم تاقیکردنەوەی شێروانە لەگەڵ یانەی توزخورماتووە.



