رووداو دیجیتاڵ
لویس گارسیا پلازا، راهێنەری یانەی سێڤییای ئیسپانی رەخنەی لە جیاوازیی گەورەی توانای تیپەکان لە لالیگا گرتووە، وایداناوە یانەکانی پێشەنگ بەدووراییەکی زۆر، پێش ئەوانیدیکە کەوتوون و ئەوەش وایکردووە، لالیگا بێتام ببێت.
ئەو راهێنەرە دەڵێ، جیاوازییەکە وایکردووە خولەکە بەشێک لە سەرنجڕاکێشییەکانی خۆی لەدەست بدات، ئەوەش لە سایەی توانای سێ یانەکەی پێشەنگی خولەکە، بەپاراستنی توانای بەرزیان و دوورکەوتنەوە لە رکابەرەکانی دیکەیان.
پلازا پێیوایە، رکابەریکردن لەسەر نازناوی لالیگا، لە نێوان سێ یانەدا قەتیسماوە، ئەوەش تووندیی رکابەرییەکەی لەسەر نازناوی خولەکە بێهێزکردووە، بەتایبەت کە جیاوازییەکە لە ئەنجام و خاڵەکاندا، لە نێوان ئەو سێ تیپە و سەرجەم تیپەکانی دیکەدا، زۆر گەورە بووە.
راهێنەری سێڤییا قسەی بۆ رۆژنامەی 'مارکا' کردووە و دەڵێ، "پێموایە جیاوازییەکەی سێ تیپەکەی پێشەنگ، (بارسێلۆنا، ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید) لەگەڵ ئەوانیدیکەدا گەورەیە. لە چەند رۆژی رابردوودا پێشبینیم بۆ ئەنجامەکانیان کرد و پێموایە هەریەک لەوان لە 90 خاڵ لە کۆتایی وەرزدا نزیکدەبنەوە، ئەمە جیاوازییەکی زۆر گەورەیە، ئەوان خولێک بەڕێوەدەبەن کە هەردوو یانەی (بارسا و ریال) کۆنترۆڵی تەواویانکردووە، لە کاتێکدا ئاتلێتیکۆ کەمێک لە دوای ئەوانە، بەڵام هێشتا زۆر لە پێش یانەی چوارەمەوەیە".
لویس گارسیا پلازا زیاتر دەڵێ، "دوای ئەوان ئینجا ریال بێتیس، ڤیاڕیال، ئاتلێتیک بیلباو و ریال سۆسیداد دێن، هەرچی تیپەکانی دیکەیە، ئاستیان کەمترە و ئەوەش وایکردووە، لالیگا، خولێکی بێتام بێت".
راهێنەری سێڤییا، وێڕای رەخنەکانی، ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە تیپەکەی، دەبێت لەکارکردن لەپێناو کۆتایی هێنان بەوەرزی ئەمساڵ، لە پلەیەکی پێشەوە بەردەوام بێت. دووپاتیکردووەتەوە کە قۆناخەکانی داهاتوو ململانێیەکی تووندی نێوان ئەو تیپانە بەخۆوە دەبینێت، کە لە یەکەوە نزیکن، لەگەڵ بوونی هەلی بەردەست بۆ یانەکەی، ئەگەر لە ئەنجامە باشەکانی بەردەوام بێت".
راهێنەری سێڤییا روونیکردووەتەوە، کە تیپەکەی کێشەی کەمیی یاریزانی هەبووە، بەڵام ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە، ئێستا لەسەر رێگای راستە و وایداناوە کە سێڤییا یەکێکە لە تیپە گەورەکانی ئیسپانیا، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی لێی چاوەڕێدەکرێت، هەر بۆیە دەبێ ئەوپەڕی توانای خۆیان بخەنە کار.
ئەو راهێنەرە ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە کە وێڕای ململانێی تووندی نێوان یانەکان، سێڤییا ئامانجی ئەوەیە بۆ وەرزی داهاتوو، لە پاڵەوانێتیەکی ئەورووپی بێت.




