رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد، کە تێیدا رۆژی 30ـی مانگی 12ـی 2026 وەک وادەی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دیاریکرا و چوار یانەش بۆ خولی پلە یەک دابەزێندران.
بەپێی راگەیەنراوی فەرمیی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا کە رۆژی دووشەممە 16ـی مانگی 11ـی 2026 بە ئامادەبوونی سەرۆک، جێگر و سەرجەم ئەندامان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، بڕیاردرا بە دابەزینی هەر چوار یانەی (برایەتی، هەڵۆ، پیشەسازی و دەربەندیخان) لە خولی نایابەوە بۆ خولی پلە یەکی کوردستان بۆ وەرزی 2026-2027.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، رۆژانی 18 و 19ـی مانگی 12ـی 2026 وەک وادەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کوپەر بۆ ناوبژیوانانی خولەکە دەستنیشانکرا، تاوەکو ئامادەکاریی تەواو بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکان لەنێو یاریگاکاندا بکرێت.
هاوکات یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان وادەی یارییەکانی جامی سوپەری کوردستانی یەکلاییکردەوە، کە لە رۆژانی 21، 22 و 23ـی مانگی 12ـی 2026 لەنێوان هەریەک لە یانەکانی (هەندرێن، زاخۆ، سیروانی نوێ و ئاکرێ) بەڕێوەدەچێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی رکابەرییەکانی وەرزی نوێ لە کۆتایی مانگی داهاتوودا.




