رووداو دیجیتاڵ
دیاردەی کۆچی ئەستێرەکانی خولی پرێمەرلیگ، بەرەو خولەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتە، ترسی لە کۆچی گەورەتری یاریزانە دیارەکانی ئینگلتەرا، بەرەو خولەکانی دیکەی ئەورووپا وروژاندووە.
میدیاکان هەڵوەستە لەسەر رۆیشتنی هاری کەین بۆ بایرن میونشن، جود بێلینگهام بۆ ریال مەدرید و ئانتۆنی گۆردۆن بۆ بارسێلۆنا دەکەن، لە کاتێکدا ئەو سێ یاریزانە، کۆڵەکەی سەرەکی هەڵبژاردەی ئینگلتەران.
راپۆرتێکی 'بی بی سی' دەڵێ، ئەگەرچی پرێمەرلیگ رکابەریترین خولی جیهانە، بەڵام ئەوەندە سەرنجڕاکێشییەی تێدا نییە، بۆ مانەوەی ئەستێرە گەورەکانی ئینگلتەرا لە یانەکانی خولەکە.
لە دوای تۆپە زێڕینەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد لە ساڵی 2008، هیچ یاریزانێک ئەو خەڵاتەی بەدەستنەهێناوە جگە لە رۆدری لە 2024 و هاری کەین 2026، لە کاتێکدا مایکڵ ئۆین، دوایین یاریزان بووە لە خولەکەدا یاریی بکات و ئەو خەڵاتە بباتەوە، بەر لە رۆدری.
شەپۆلی کۆچی ئەستێرەکانی ئینگلتەرا بۆ دەرەوەی وڵاتەکە، لە جادۆن سانچۆوە لە ساڵی 2017 خێراتربووە، کاتێک ئەو لاوە رووی لە بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی کرد.
ئەوە رەنگدانەوەی گەورەی بەسەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرادا هەبووە، لە کۆی 25 یاریزانی ئێستای هەڵبژاردەکە، 7 یاریزان لە دەرەوەی پرێمەرلیگ، یارییدەکەن.
ماڵپەرە ئینگلیزییەکە لە زاری تۆماس توخێل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرای گواستووەتەوە کە دەڵێ، "بێلینگهام و کەین لە مۆندیالدا زۆر یەکلاکەرەوە بوون، هیچ بیانوویەک نابینمەوە بۆ ئەوەی ئەوان بەهەمان شێوە بەردەوام بن. شتێکی باشە کە درەوشانەوەی گۆردۆن دەبینین. یارییکردن لە دەرەوەی ئینگلتەرا بایەخی خۆی هەیە، ئەگەرچی من پێموایە یاریزانانی پرێمەرلیگیش، توانای دروستکردنی جیاوازییان هەیە".
راپۆرتەکان ئاشکرایانکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا، ئێستا چاودێری 43 یاریزانی ئینگلیزیی پیشەگەر دەکات، کە لە یانە جیاوازەکانی ئەورووپا یارییدەکەن. جۆن ماکدیرمۆتی بەڕێوەبەری وەرزشیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا، پێیوایە، ئەوە بەرکەوتنێکی پۆزەتیڤی گەورەیە.
ماکدیرمۆت دەڵێ، "بەرکەوتنی خولەکانی دیکە، رێگای ئەوەمان بۆ دەکاتەوە، بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا بکەیت، بەبێئەوەی ناچاربیت 55 یاریی لە خولی نێوخۆیی ئەنجام بدەیت، چونکە کاتی مەشقی جەستەیی و تاکتیکیی باش بەیاریزانان دەدات. لە ئینگلتەرا گوشاری زۆری یارییەکان، یاریزانان بێبەش دەکات لە هەلی گەشەپێدانی توانا تاکەکەسییەکانیان".
ئەو هەروەها دەڵێ، "یارییکردن لە ژینگەی جیاواز و فێربوونی زمانی جیاواز، یاریزان دەخاتە ژێر گوشاری چڕەوە، ئەوەش کەسایەتیی ئەو بەرەو پێش دەبات و رێگای ملدان بە رۆتینی تێدا دەکوژێت، هەروەها توانایەکی دیکەی تاکتیکی و کەسیی نوێ، بە یاریزانەکە دەدات، وەکئەوەی پێشتر لەگەڵ کیران تریپێر روویدا، کاتێک لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە گەڕایەوە نیوکاسڵ، ئێستاش هەمان شت لە گۆردۆن و ئەوانیدیکەدا دەیبینین".
ماڵپەرەکە، لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی ئانتۆنی گۆردۆنی ئاماژە پێداوە کە لەماوەی راوەستانی نێودەوڵەتیی پێشوودا گوتوویەتی، "هدەستدەکەم لە دوای چوونمەوە بۆ بارسێلۆنا، رێزی زیاترم دەگیرێت".
وێڕای بایەخی پیشەگەربوون لە دەرەوە، ماکدێرمۆت دووپاتیدەکاتەوە، پرێمەرلیگ هێشتا کارگەی دروستکردنی ئەستێرەکانە و ئاشکرایکردووە، ئێستا خولەکە 40 تاوەکو 50 یاریزانی ئینگلیزیی ئاستبەرزی گونجاو بۆ چامپیۆنزلیگ، یاریی تێدا دەکەن.




