رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، یاریی مان و نەمان دەکات و بۆ مانەوە لە نەیشنسلیگدا پێویستی بەبردنەوەیە، کاتێک لە یارییەکی لووتکەدا بەرامبەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا یاریی دەکات.
لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکان و لە کۆمەڵەی دووەمی نەیشنسلیگدا، کاژێر 22:45 هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە بەرلین میوانداریی هۆڵەندا دەکات و پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە بکات.
ئەڵمانیا ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی کۆمەڵەیە، هەشت خاڵی هەیە و هەمان ژمارەی خاڵەکانی یۆنانی خاوەنی پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە، بۆیە ئەرکی زۆر زەحمەتە بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
مانشافت رۆژی یەکشەممە دوایین مەشقەکانی ئەنجامدا و ئەمشەو لە یاریگای ئۆڵیمپی بەرلین چاوی لە تۆمارکردنی بردنەوەیە.
ئەڵمانیا لە پێنج یاریی قۆناخی کۆمەڵەکاندا تەنیا سێ گۆڵی لێکراوە، بەڵام هێڵی هێرشبەریشی هێندە بەهێز نییە و 6 گۆڵی کردووە.
هەڵبژاردەکە لە دوایین پێنج یارییدا بەرامبەر هۆڵەندا نەدۆڕاوە، دوو بردنەوە و سێ یەکسانبوونی هەیە.
هەڵبژاردەی هۆڵەندا دەیەوێت بەبێ دۆڕان بگاتە قۆناخی هەشتی نەیشنسلیگ و لەنێو گەورەکانی ئەو پاڵەوانێتییەدا بمێنێتەوە، کاتێک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر ئەڵمانیا یاریی دەکات.
هۆڵەندا لەژێر سەرپەرشتی چاڤی هێرناندێز، لە 5 گەڕی رابردوودا سێ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە 2 یارییدا یەکسانبووە، تیپەکە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، ئەمشەو بەرامبەر ئەڵمانیا یاریی دەکات و بە یەکسانبوون دەتوانێت بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
تیپەکە خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەریی کۆمەڵەی دووەمە و لە 5 یارییدا 14 گۆڵی تۆمارکردووە و ئێستا بە 11 خاڵ پێشەنگی ریزبەندە.
بۆ ئەم یارییە ڤیرجڵ ڤان دایک، فرێنکی دی یۆنگ، ناتان ئاکێ و برایان برۆبی ئامادەنین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هۆڵەندا چاوی لە سەرکەوتنە.
لە گەڕی یەکەمی نەیشنسلیگدا هەردوو تیپ لە هۆڵەندا بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون، بەشێوەیەکی گشتی ئەمە یاریی ژمارە 50 دەبێت بەرامبەر یەکدی ئەنجامیبدەن، ئەڵمانیا خاوەنی 18 بردنەوەیە و هۆڵەندا 12 یاریی بردووەتەوە، 19 یاریی نێوانیان بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە.




