رووداو دیجیتاڵ
چیرۆکی لیۆنێل مێسی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە دوورکەوتنەوەی لە یاریگاکان و پۆشینی جلی نیشتمانی کۆتایی نەهاتووە. تەنانەت دوای ئەوەی بڕیاری وازهێنانی لە یارییە نێودەوڵەتییەکان داوە، ناوی کاپیتانی تانگۆ هێشتا لە پلاندانانی لیۆنێل سكالۆنی، راهێنەری ئەرجەنتین دایە.
سکالۆنی ئاماژەی بەوە داوە کە ئەگەری ئەوە هەیە مێسی لە داهاتوودا ببێتە ئەندامێک لە ستافی تەکنیکی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بەتایبەتی دوای ئەوەی والتەر ساموێل بڕیاری جیابوونەوەی لە تیپەکەی داوە.
سکالۆنی گوتی "پێموایە مێسی بەردەوام دەبێت لە یاریکردن، تەنانەت دوای ساڵی 2030یش. ئەو پێشتر رەتیکردووەتەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی یاری بکات، بەڵام هیوادارم وەک یاریزانێکی تۆپی پێ تاوەکو ماوەیەکی زۆرتر بەردەوام بێت".
بەڵام سەرنجڕاکێشترین بەشی قسەکانی سکالۆنی ئەوەبوو کە باسی ئەگەری پەیوەندیکردنی مێسی بە ستافی راهێنەری ئەرجەنتینی کرد. ئەو گوتی "ئەگەر بیەوێت بێتە ئێرە، هیچ کێشەیەک نییە. ئێستا کە والتەر رۆیشتووە، گوێ بگرن... با بێت!".
هەرچەندە ئەم قسانە بە شێوەی گاڵتە و خۆشی گوتراون، بەڵام رەنگدانەوەی ئەو ەێز و پەیوەندییە بەهێزەیە کە نێوان سکالۆنی و مێسیدا هەیە.
مێسی لە ماوەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی لەگەڵ ئەرجەنتین 208 یاریی ئەنجام داوە و 126 گۆڵی تۆمار کردووە.
کۆتاییهاتنی گەشتی نێودەوڵەتی و دەرگایەکی کراوە بۆ گەڕانەوە
مێسی دوای گەشتێکی مێژوویی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بووە گۆڵکاری مێژووی ئەو تیپە و یەکێک لە گەورەترین ئەفسانەکانی تۆپی پێی ئەرجەنتین.
ئەو لە سەرەتادا رووبەڕووی رەخنە و گوشارێکی زۆر بووەوە، بەڵام دواتر توانی مێژووی ئەو تیپە بگۆڕێت و لەگەڵ هاوڕێکانی چوار دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنێت:
ـ کوپا ئەمریکای 2021.
ـ کوپا ئەمریکای 2022.
ـ کوپا ئەمریکای 2024.
ـ فاینالیسیما.
ئێستا مێسی گرێبەستی لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی هەیە تاوەکو کانوونی یەکەمی 2028، و سەرنجی لەسەر بەردەوامبوون لە یاریکردن لە ئاستی یانەکانە، بەڵام سکالۆنی هێشتا حەزدەکات مێسی بەهەر شێوەیەک بێت لە ناو خێزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بمێنێتەوە؛ جا وەک یاریزان بێت یان لە داهاتوودا وەک ئەندامێکی ستافی راهێنەران.
گەڕانەوەیەکی چاوەڕوانکراو بۆ یاریگای مۆنومێنتاڵ
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ئەم هەواڵە، چاوەڕوان دەکرێت مێسی لە 19ـی کانوونی دووەمی 2027 بگەڕێتەوە یاریگای مۆنومێنتاڵ لە بوینس ئایرێس، کاتێک ئینتەرمەیامی لە یارییەکی دۆستانەدا بەرامبەر ریڤەر پلەیت یاری دەکات. ئەم یارییەش لە چوارچێوەی ئامادەکاریی هەردوو تیپە بۆ وەرزی نوێ.



