رووداو دیجیتاڵ
رووداو سپۆرتس لە بەدواداچوونێکدا ناوی ستافی راهێنەری نوێی یانەی زاخۆ ئاشکرا دەکات، بۆ سەرپەرشتیکردنی یانەکە لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا.
حوسام سەید، راهێنەری سوری لەگەڵ یانەی زاخۆ گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی و ئەو دەبێتە راهێنەری داهاتووی یانەکە، بەڵام پرسیاری سەرەکی هاندەرانی یانەی زاخۆ ئەوەیە کە کێ لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکە دەبێت.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو سپۆرتس، لەگەڵ حوسام سەید، راهێنەری نوێی یانەی زاخۆ، هەریەکە لە ئەحمەد رەحیم، وەکو یاریدەدەری راهێنەر، ئیگۆر تکالچێڤیچ، وەکو یاریدەدەری راهێنەر، نۆمی وەکو یاریدەدەری راهێنەر و مەعن جەمیل، وەکو یاریدەدەری راهێنەر کاردەکەن.
ئەحمەد رەحیم، یاریدەدەری راهێنەری یانەی زاخۆ، رۆژی دووشەممە چووە زاخۆ و لەژێر رێنوێنییەکانی حوسام سەید سەرپەرشتیی یەکەم مەشقدانەوەی یانەکەی کرد.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە راهێنەرە نوێیەکەی زاخۆ بگاتە هەرێمی کوردستان و بەفەرمی واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە بکات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، حوسام سەید، بە سەرۆکی یانەی زاخۆ و دەستەی کارگێڕیی یانەکەی گوتووە، بەڵێن بێت هەموو شتێک بکەم بۆ ئەوەی تیپێکتان هەبێت شانازیی پێوەبکەن و سەرتان پێی بەرزبێت.
حوسام سەید، تەمەنی 54 ساڵە، ئەزموونی زۆری لە کاری راهێنەرایەتییدا هەیە، ئێستا راهێنەری تیپی خوار 23 ساڵانی هەڵبژاردەی سوریایە، پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەی یەکەمی سوریا بووە، لەگەڵ یانەی جەوییەی عێراقی لە 2017 نازناوی جامی یەکێتیی ئاسیای بردووەتەوە.
جگە لەوەش پێشتر وەکو راهێنەری یانەی مینا، یانەکانی زوفاری عومانی، کوێتی کوێتی و چەندین یانەی دیکە کاریکردووە.
یانەی زاخۆ خۆی بۆ یارییەکی لووتکە ئامادەەکات، کە رۆژی هەینی کاژێر 16:00 لە یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی شورتە یاریی دەکات، لە رکابەرییەکانی گەڕی چواردەی خولی ئەستێرەکانی عێراق.



