رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە خولی تورکیا دەستپێدەکاتەوە، یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگای بردنەوە، کاتێک بەرامبەر یانەی ریزەسپۆر یاریی دەکات.
لە دەستپێکی یارییەکانی گەڕی 12ـی سوپەرلیگ، ئەمڕۆ ئێوارە، کاژێر 16:00 لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا، یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان میوانداریی یانەی ریزەسپۆر دەکات و چاوی لە تۆمارکردنی بردنەوەیەکی دیکەیە.
دوای دۆڕاندنی بەرامبەر یانەی گاڵاتەسەرای، ئامەدسپۆر لە ماوەی وەستانی خولەکەدا، کاری لەسەر بەرزکردنەوەی توانای یاریزانەکانی کردووە و کار لەسەر کەمکردنەوەی هەڵەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان کراوە، ئەمڕۆش یانەکە دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی سێ خاڵی دیکە بباتەوە.
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ، هاوشێوەی یارییەکانی دیکەی ئامەدسپۆر، هەر زوو سەرجەم بلیتەکانی یارییەکە فرۆشراون و زیاتر لە 30 هەزار هاندەر ئەمڕۆ لەنێو یاریگادا پاڵپشتیی ئامەدسپۆر دەکەن.
لە یارییەکەدا، بەهۆی ئەوەی بۆ سێ یاریی سزادراوە، ساموێل بالێت، هێرشبەری ئامەدسپۆر بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، بەڵام یاریزانەکانی دیکە بە ورەیەکی بەرزەوە ئامادەن و چاویان لە بردنەوەیە.
کەسک و سوور لەم وەرزەی سوپەرلیگدا، لە 11 یاریی رابردوودا 7 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە 2 یارییدا یەکسانبووە و 2 یاریی دۆڕاندووە، 28 گۆڵی تۆمارکردووە و خاوەنی دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە لە خولەکەدا.
ئامەدسپۆر ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 23 خاڵ و دەیەوێت سوود لە یاریگای خۆی وەربگرێت بۆ ئەوەی لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەند دوورنەکەوێتەوە.
ریزەسپۆر ئەنجامەکانی خراپ نین، لەم وەرزەدا 4 سەرکەوتنی لە 11 یارییدا بەدەستهێناوە، لە 2 یارییدا یەکسانبووە و 5 جار دۆڕاوە، تیپەکە لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە، یانەکە لە چوار سەرکەوتنەکەی کە لەم وەرزەدا بەدەستهێناون، سێ یارییان لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە، بۆیە ئامەدسپۆر پێویستە کار لەسەر ئەم وردەکارییەی یارییەکە بکات.




