رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر دەڵێت هەندێک کەس بەناوی یانەکەمانەوە گفتوگۆ لەگەڵ یاریزانان دەکەن و ئەوانە هیچ دەستەڵاتیان لەنێو یانەکەدا نییە و بڕیارەکانیشیان قبوڵ ناکرێن.
یانەی ئامەدسپۆر لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "زانیاریمان پێگەیشتووە کە بەناوی یانەکەمانەوە، لە پڕۆسەی گواستنەوەی یاریزاناندا گفتوگۆ لەگەڵ هەندێک یاریزان و یانەدا کراوە. کارەکانی گواستنەوەی یانەکەمان تەنیا لە رێگەی لیژنەی گواستنەوەوە ئەنجامدەدرێن، کە لەلایەن دەستەی کارگێڕییەوە راسپێردراوە'.
ئامەدسپۆر لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەی دەڵێت "جگە لەم لیژنەیە هیچ کەس و دامەزراوەیەکی دیکە دەستەڵاتی ئەنجامدانی گفتوگۆی گواستنەوەی پێنەدراوە. بۆیە بە گرنگییەوە داوادەکەین، هەر پەیوەندی، کۆبوونەوە یان پێشنیازێک کە لەلایەن کەسانی بێدەسەڵاتەوە بەناوی یانەکەمانەوە ئەنجام دەدرێت، لەبەرچاو نەگیرێت و مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت. بەرێزەوە ئەمە بە رای گشتی رادەگەیێنین".
ئەم راگەیێنراوەی یانەی ئامەدسپۆر لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە دەستەی راوێژکاریی ئامەدسپۆر بەشێوەیەکی فەرمی ناهیت ئەرەنی وەکو تاکەکە بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیکردنی یانەی ئامەدسپۆر راگەیاند.
کەسک و سوور وەرزی داهاتوو لە سوپەرلیگ یاریی دەکات، بۆیە چاوی زۆری لەسەرە و لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی پەیوەندیکردنی چەند راهێنەر و یاریزانێک بە یانەکە بڵاوکراونەتەوە.
ئامەدسپۆر لە وەرزی ئەمساڵی خولی پلە یەکی تورکیا، پلەی دووەمی بەدەستهێنا و راستەوخۆ گەیشتە سوپەرلیگ، لە وەرزی نوێدا رکابەریی یانەکانی وەکو گاڵاتەسەرای، فێنارباخچە و بێشکتاش دەکات.

