رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژئاوای کوردستان زیاتر لە 20 رۆژنامەڤان و میدیاکار راگەیێندراوێكیان بڵاوکردەوە و تێیدا باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم کاری میدیایی و رۆژنامەڤانی لە شەڕەکەی قامشلۆ دەکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەبارەی رووماڵکردنی شەڕ و پێکدادانەکانی رۆژانی رابردوو لە شاری قامشلۆ، هێزە ئەمنییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێگرییان لە زۆربەی راگەیاندنی خاوەن مۆڵەت و رێگەپێدراو گرت. راگەیێندراوەکە باس لەوە دەکات، تەنیا رێگە بە چەند کەناڵ، ئاژانس و رۆژنامەڤانێك دراوە رووماڵەکە بکەن.
لەبارەی ئەو راگەیێندراوە، ئەمیر موراد، هاوسەرۆکی ئۆفیسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەبارەی کێشەی سنووردارکردنی رووماڵکردن لە گەڕەکی تەی ئاگادارکراینەوە؛ هەوڵەکانی خۆمان خستەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە نەمێنێت. هەندێک کارمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو جۆرە کێشە دووبارە نەبێتەوە."
هەروەها ئەمیر موراد رایگەیاند:"بەڕاستی کێشە هەبوو، بەڵام ئاسایش هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئێمە نەکرد. ئەوان وەکو لایەنێکی ئەمنی مامەڵەیان لەگەڵ رووداوەکە کرد و رووماڵکردنیان لە چەندین دامەزراوەی میدیایی قەدەخەکرد و رێگە بە هەندێک دامەزراوەی میدیایی دیکەش درا."
هاوسەرۆکی ئۆفیسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەروەها گوتی: "ئەوەی روویدا مامەڵەیەکی سەربازییانە بوو. جۆرە ترس و نیگەرانییەک لەو رۆژنامەڤانانە هەیە کە نەرێنییانە زانیارییەکان دەدەن و رووماڵ دەکەن. هەندێکجار شرۆڤەی هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندنیش لەجێگەی خۆیدا نییە. بە بۆچوونی ئێمەش، ئەو مامەڵەیەی کراوە زۆر دروست نەبووە. بۆیە رەخنەمان لەوە گرت و هەوڵەکانی خۆمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بێت."
لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا ئەمیر موراد رایگەیاند:"رۆژنامەڤانەکان مافی خۆیانە راگەیێندراویان هەبووە، ئێمەش بەردەوام دەبین بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانەی هەن."
ئەمانە ناوی رۆژنامەڤانەکانن کە راگەیێندراوەکەیان بڵاوکردووەتەوە:
هێبار عوسمان
مەسعود حامد
جانۆ شاکر
ئیڤان حەسیب
رامان عیساد
سۆلین ئەمین
کەمال شێخۆ
شێرزاد سەیدۆ
دارا بەرەکات
ئاختین ئەسعەد
عەدنان حەسەن
ئەحمەد ئەلبەرهۆ
رەزوان بێزار
حەسەن حوسێن
هەژار سەید
خەلیل خەلیل
هۆزان خەشۆ
نۆبار ئیسماعیل
یازر عوسمان
عیسام ئەمین


