رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەردانەوەی لەناکاوی ئاوی رووباری فورات لەلایەن تورکیاوە، ئاستی ئاوی رووبارەکە بەرزبووەوە و رووبەرێکی فراوان لە زەوی و هەزاران خانوو و موڵک و ماڵ ژێرئاوکەوتن. هاووڵاتییەک دەڵێت، "ئاوی فورات مەتر و نیوێک بەرزبووەتەوە."
ئیسماعیل ناشف، هاووڵاتییەکی خەڵکی رەققەیە و یەکێکە لەو 2400 خێزانەی لە دێرەزوور و رەققە ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن و بەلەم بۆ هاتووچۆ بەکاربهێنن. ئیسماعیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ماڵەکەم نزیکەی 200 مەتر لە رووبارەکە دوورە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوەکە ماڵی خۆم و دراوسێکەم و زیانیان بەرکەوت. تەنیا داوای ئەوە دەکەین ئەو رێگەوبان و شەقامانەمان بۆ چاک بکەنەوە، هیچی دیکەمان ناوێت. ماڵمان زیانی بەرکەوت، خودا قەرەبوومان دەکاتەوە."
محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا رایگەیاند، ئاوی رووباری فورات لە 30 ساڵی رابردوودا بەم شێوەیە بەرزنەبووەتەوە، بۆیە زۆر لە هاووڵاتییان لەسەر کەنارەکانی رووبارەکە خانوویان دروستکردووە کە زێدەڕۆن. ئاماژەی بەوەش کرد، توانیویانە دەروازەی چوارەمی بەنداوی فورات دابخەن و ئاستی ئاوەکە دابەزێنن.
لە لایەکی دیکەوە، فەتیم ناشف، یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی ئاو چووەتە نێو ماڵەکەیەوە، بە رووداوی گوت: "ماڵەکانمان زیانیان بەرکەوت، ئاوەکە نزیکەی مەتر و نیوێک بەرزبووەوە. دوو ژوور، چێشتخانە و گەرماوەکە لەدەستدا. هیوامان بە خودایە قەرەبوومان بکاتەوە."
وەزارەتی باری نائاسایی سووریاش دەڵێت، حکومەتی تورکیا درەنگ ئاگاداری کردوونەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانن کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن. ئاماژەی بەوەش کردووە، هەموو تیم و کادرەکانیان لە ئامادەباشیدان.
رۆژی هەینی (29ـی ئایاری 2026)، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا گەیشتە پارێزگای دێرەزوور بۆ بەسەرکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی لافاوی رووباری فوراتەوە کەوتوونەتەوە. لافاو زیانی بە 2400 خێزان گەیاند و دەیان پرد و رێگەوبانی رووخاند، هەروەها زیانی بە وێستگەکانی ئاو و کارەباش گەیاند.
وەزارەتی وزەی سووریا کردنەوەی 4 دەروازەی لە بەنداوی فورات بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1988ـەوە راگەیاند، ئەوەش "بۆ کەمکردنەوەی گوشاری زۆر لەسەر بەنداوەکە دوای وەرزی بارانبارینی زۆر و زۆربوونی لەناکاوی ئاو کە دوای چەندین ساڵی وشکەساڵی هات."
بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە، پارێزگای دێرەزوور ناچاربوو پردە خۆڵینەکە کە بەم دواییانە بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆ لەنێوان هەردوو بەری رووبارەکە دروستکرابوو، بە شێوەیەکی کاتی دابخات.