رووداو دیجیتاڵ
لهدوای داخرانی تهنگهی هورمز و پچڕانی رێڕهوه ئاوییهكانی گواستنهوهی وزه بههۆی شهڕی نێوان ئهمریكا و ئێران، سووریا ههوڵهكانی چڕكردووهتهوه بۆ ئهوهی ببێته جێگرهوهی ئهو رێڕهوه ستراتیژییە و وەک ناوهندێكی گهورهی گواستنهوهی وزه لە ناوچەکەدا دەربکەوێت.
هەڵکەوتەی جوگرافیی وڵاتەکە، وایکردووە ئەم بابەتە لە واشنتن ببێتە جێی سەرنجی بەشێک لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، و هاوکات حکومەتی سووریا و پاڵپشتیکارانیشی بایەخی زیاتری پێبدەن. لەم چوارچێوەیەدا، پەیمانگەی 'نیولاینز' لە واشنتن گفتوگۆیەکی تایبەتی لەژێر ناوی "دەستپێشخەریی بەیەکەوەبەستنەوەی چوار ناوچەی ئاوی" رێکخست، کە تێیدا پڕۆژەی کردنی سووریا بە سەنتەری ئەو بەیەکبەستنەوەیە تاوتوێ کرا.
دەینا عەڕاسی، لێکۆڵەر لە پەیمانگەی نیولاینز: "ئێستا ئابووریی جیهان بەهۆی تەنگەی هورمزەوە رووبەڕووی ئاستەنگ و پچڕان بووەتەوە، بۆیە بەهۆی ئەم گرژیانەوە پێویستمان بە رێگایەکی دیکەیە لەجیاتی پشت بەستن بە تهنگهی هورمز. ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە تاوەکو رێگایەکی جێگرەوە پێشکێش بکەین؛ چونکە کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە تەنیا وڵاتانی کەنداو، ئەمریکا و ئێرانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو هەموو ناوچەکەی گرتووەتەوە. ئەم رێگا جێگرەوەیە لە بنچینەدا بریتییە لە بەستنەوەی چوار ناوچەی ئاوی سەرەکی: دەریای ناوەڕاست، دەریای عەرەبی [کەنداو] و دەریای قەزوین؛ ئەمەش لەڕێگەی رێڕەوێکی بازرگانی کە لە سووریاوە دەستپێدەکات، بۆ وڵاتانی کەنداو و تورکیا درێژ دەبێتەوە و لەوێشەوە بەرەو ئەورووپا دەچێت."
مەرجەکانی راکێشانی وەبەرهێنانی ئەمریکی
باسکردنی ئەم بابەتە لە پایتەختی ئەمریکا بایەخی تایبەتی خۆی هەیە؛ یەکێک لە ئامانجە هەرە گرنگەکان، راکێشانی سەرنجی واشنتن و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی سیاسیی ئەو وڵاتەیە، بەتایبەتی کە هێشتا بەشێک لە سزاکان لەسەر سووریا ماونەتەوە و وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکانیش پێویستیان بە دڵنیایی و گەرەنتیی زیاتر هەیە بۆ وەبەرهێنان لەم کەرتەدا.
شیکەرەوە سوورییەکانیش پێیان وایە، وڵاتەکەیان پێشتریش رۆڵێکی سەرەکیی لە گواستنەوەی نەوت و وزەدا هەبووە، بەڵام بەهۆی رووداوەکانی ساڵی 2011 و چەندین ساڵ شەڕ و سزای ئابووری، ئەو پێگەیەی لەدەستداوە؛ ئێستاش حکومەتی نوێی سووریا دەیەوێت هەمان رۆڵی مێژوویی بۆ وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە.
کەرەم شەعار، بەڕێوەبەری ناوەندی راوێژکاریی کەرەم شەعار دەڵێت: "لە راستیدا سووریا داوای ئەو پێگەیە دەکاتەوە کە پێشتر وەک وڵاتێکی ترانزێت هەیبووە، بەتایبەتی بۆ گواستنەوەی نەوت. بۆڕییەکانی سووریا بۆ چەندین دەیە کاریان کردووە؛ بۆ نموونە بۆڕی غازی عەرەبی یەکێک بوو لەوانەی سووریای کردبووە ناوەندێکی گرنگ، کە تەنیا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە لەکارکەوت. هۆشداریی بۆڕی نەوتی کەرکووک - بانیاسیش هەیە کە تاوەکو نەودەکانی سەدەی رابردوو بەکارهاتووە. بۆیە گەڕانەوەی سووریا بۆ ئەم پێگەیە، بەستراوەتەوە بە چەند هۆکارێکەوە؛ کە بە بڕوای من 'خواستی سیاسی' گرنگترینیانە، لەگەڵ هەبوونی متمانە بە داهاتووی سووریا."
بایەخێکی کاتی یان ستراتیژی؟
تا ئەو کاتەی تەنگەی هورمز بە داخراوەیی بمێنێتەوە، بایەخی سووریا وەک ناوەندێکی جێگرەوەی گواستنەوەی وزە زیاتر دەبێت، هەر ئەمەش وایکردووە بەرپرسانی دیمەشق زیاتر پەرە بەم پرسە بدەن و لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش گفتوگۆی لەسەر بکەن. بەڵام چاودێران ئاماژە بەوە دەدەن کە لەگەڵ ئەگەری کرانەوەی تهنگهی هورمز، رەنگە ئەم پڕۆژەیە ئەو بایەخە بەپەلەیەی ئێستای نەمێنێت، بەتایبەتی کە جێبەجێکردنی پێویستی بە وەبەرهێنانی زەبەلاح و پاڵپشتیی سیاسیی بەهێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە.



