رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی سووریا رایانگەیاند، ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەی کافتریاکەی شاری دیمەشق بۆ 9 کوژرا و و 20 بریندار بەرزبووەوە.
تەقینەوەکە دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە لە نزیک "کۆشکی داد" لە سەنتەری دیمەشق روویدا، کە ناوچەیەکی قەرەباڵخ و باڵەخانەیەکی گرنگی حکومییە. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، کە بە خوێناویترین هێرش دادەنرێت لە دوای تەقینەوەکەی ساڵی رابردووی سەر کەنیسەیەک لەو شارە.
نور خەیات، تەمەن 40 ساڵ، کە خاوەن دووکانە لە نزیک شوێنی رووداوەکە بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگەیاند: "نزیکەی کاژێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ بوو، دەنگێکی زۆر بەهێزی تەقینەوەم بیست و دەرگای دوکانەکەم لەرییەوە، خەڵکەکە بەرەو کافتریاکە رایانکرد و بانگی ئەمبوڵانسیان دەکرد."
هەروەها محەممەد زەهەبی، خاوەن دووکانێکی دیکە، گوتی: "کاتێک گەیشتمە شوێنەکە، خەڵکم بینی لەسەر زەوی کەوتبوون و خوێن لە هەموو شوێنێک بوو، ئەم دیمەنانە ساڵانی جەنگی ناوخۆی بیرهێناینەوە."
هەڵوێستی حکومەت و کاردانەوەکان
ماهر ئەلدەیبی، پارێزگاری دیمەشق لە شوێنی تەقینەوەکە رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەکی ورد دەستیپێکردووە و گوتی: "بەرپرسانی ئەم خوێنڕشتنە سزا دەدرێن"؛ گوتیشی: "هەر کاتێک وڵات بەرەو سەقامگیری هەنگاو دەنێت، لایەنی خراپەکار هەوڵی تێکدانی دەدەن."
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کلۆدیۆ کۆردۆن، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا داوای کرد تاوانباران رادەستی دادگا بکرێن. تورکیا و وڵاتانی عەرەبی لەوانە عێراق، ئوردن، قەتەر و میسر بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.
لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع هەوڵەکانیان بۆ یەکخستنەوەی وڵات و گەڕاندنەوەی ئاسایش چڕکردووەتەوە، بەڵام ناوە ناوە رووداوی لەم شێوەیە لە دیمەشق و ناوچەکانی دیکە روودەدەن؛ خوێناویترینیان هێرشەکەی حوزەیرانی 2025 بوو بۆ سەر کەنیسەیەک کە تێیدا 25 کەس کوژران.
.png&w=3840&q=75)


