وەزیری ناوخۆی سووریا رایدەگەیێنێت، "ئەو شانە تیرۆریستییەی بەرپرس بوون لە تەقینەوەکانی دوو رۆژ پێش ئێستای دیمەشقی پایتەخت، ئێستا لە دەست هێزە ئەمنییەکاندان." ئەنەس خەتاب، لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەندامانی شانەکە چووەتە قۆناخــێکی نوێوە. گوتیشی: "دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ناسنامەی ئەندامانی شانەکە، رۆڵیان لەو تەقینەوانە و تەواوی پەیوەندییەکانیان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین." سێشەممەی رابردوو، دوو تەقینەوە لە نزیک وەزارەتی گەشتوگوزار لە دیمەشق روویان داو و بەهۆیەوە 18 کەس بریندار بوون، کە 4ـیان پۆلیسن. دوای تەقینەوەکە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی پشکنینە مەیدانییەکانیاندا دوو بۆمبی چێندراویان دۆزیوەتەوە و کاتێک تیمە پسپۆڕەکان خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ پووچەڵکردنەوەیان، بۆمبەکان تەقیونەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بۆمبەکان بە شێوەیەکی سەرەتایی دروست کراون؛ یەکەمیان لە ناو ئۆتۆمبێلێکی راگیراو لە کەناری شەقامەکە و دووەمیشیان لە ناو حاویەیەکی زبڵدا دانرابوو. "لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەی لە پشت ئەم کارەوەن، بەردەوامن."