رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی باری نائاسایی و رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکانی سووریا ئاماری بەشێک لە رووداوەکانی وڵاتەکەی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرا کرد.
رۆژی سێشەممە، 28ی تەممووزی 2026، بەشی راگەیاندنی وەزارەتەکە بە محەممەد عیسا، ئێدیتۆر لە دێسکی عێراقی و عەرەبی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 15 هەزار و 200 ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون."
وەزارەتەکە باس لەوەدەکات، هەر لە سەرەتای ئەم ساڵەوە "نزیکەی سێ هەزار رووداوی هاتووچۆ" لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا روویانداوە و لە ئەنجامدا دوو هەزار و 932 کەس برینداربوون و 196 کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئامارەکە 30٪ی رووداوەکان ماتۆرسکیلی تێدا بووە و 34%ـی بریندارەکان و 16%ـی گیانلەدەستدانەکان بەو هۆیەوە بوون.
وەزارەتەکە ئاماژە بەوەیش دەکات، تیمەکانیان توانیویانە 39 کەس لە ئاودا رزگار بکەن، بەڵام 110 کەسیش لە ئاوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریادا خنکاون.

