رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی سووریا و تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و دەڵێن جەخت لەسەر پێویستیی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق و لوبنان دەکەنەوە. وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێت، وڵاتەکەی رووبەڕووی هەڕەشەی "میلیشیا چەکدارەکان" دەبێتەوە لەسەر سنوورەکانی.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، دیمەشق و ئەنقەرە هاوڕان لەسەر پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی بەغدا و بەیروت بۆ چەسپاندنی سەروەریی وڵاتەکانیان.
شەیبانی گوتی، "رێککەوتین لەسەر پشتیوانیکردنی ئەو هەنگاوانەی لەلایەن براکانمان لە عێراق و لوبنانەوە دەنرێن بۆ بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دامەزراوە نیشتمانییەکاندا، بە جۆرێک کە کۆتایی بە هەر شڵەژان و ناسەقامگیرییەک لە ناوچەکەدا بهێنێت."
وەزیری دەرەوەی سووریا پێیوایە ناوچەکە بەرەو بنەمایەکی جێگیر بۆ سەقامگیری هەنگاو دەنێت، کە ئەویش "کۆتاییهێنانە بە هەر پێکهاتەیەکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی شەرعی و یاسایی."
شەیبانی ئاماژەی بەوە کرد، سووریا لە پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا سەرکەوتوو بووە و ئەمەش وەک "نموونەیەکی واقیعی" بۆ وڵاتانی دراوسێ وەسف کرد.
هەروەها سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە دەکرێنە سەر وڵاتانی کەنداو و گوتی: "پاراستن و دوورخستنەوەی ئاسایشی کەنداو لە ململانێکان، پێویستییەکی باڵایە."
سەبارەت بە ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی سووریا، ئەسعەد شەیبانی هۆشداری دا و گوتی، "سووریا بەدەست هەڕەشەی میلیشیا چەکدارەکان لەسەر سنوورەکانی دەناڵێنێت، کە سنووری وڵاتانی دراوسێ بەکاردەهێنن و لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دا چەکیان هەڵگرتووە."
شەیبانی دەڵێت، دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی سووریا بە تووندی رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە دەبنەوە و گوتیشی، "کار دەکەین بۆ چڕکردنەوەی توانای مرۆیی و تەکنیکی لەسەر تەواوی سنوورەکانمان و، هاوئاهەنگی لەگەڵ دراوسێکانمان دەکەین بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەلامەتی گەلەکەمان."


.jpg&w=3840&q=75)
