رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا رەخنە لە ئیسرائیل دەگرێت بەهۆی بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی ئەبوو زوهووری سەربازی لە ئیدلیبی باکووری سووریا و هۆشداری دەدات کە ئەم جۆرە هێرشانە خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە ناکەن و تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکەن.
رۆژی سێشەممە، دیمەشق ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد کە بە 8 مووشەک هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی ئەبوو زوهوور.
لە کاردانەوەی ئەم رووداوەدا، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ناڕەزایی ئەمریکای لەم هێرشە نیشان دا.
باراک نووسیویەتی: "ئێمە زۆر نیگەرانین لەو هێرشە ئاسمانییە پشتڕاستکراوانەی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی ئەبوو زوهوور، چونکە ئەمە زیادکردنێکی ناپێویستی گرژییەکانە و خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە ناکات."
نوێنەرەکەی ئەمریکا بەرگری لە حکومەتی نوێی سووریا کرد و گوتی: "حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع هیچ هەڵوێستێکی شەڕانگێزی نەبووە و خاوەنی هێزی وەکالەتیش نییە. لە راستیدا، چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە کە پێی باشترە گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کەمبکاتەوە."
باراک داوای لە هەردوولا کرد لەبری شەڕ پەنا بۆ گفتوگۆ ببەن و گوتیشی: "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە میوانداریکردنی گفتوگۆکان بۆ هاندانی رێگەچارەی دیپلۆماسی لەبری بەکارهێنانی هێزی سەربازی."
چی روویدا لە فڕۆکەخانەی ئەبوو زوهوور؟
بەپێی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەم هێرشەی ئیسرائیل کەمێک دوای ئەوە هاتووە کە شاندێکی سەربازیی تورکیا سەردانی فڕۆکەخانەکەیان کردبوو بۆ ئەوەی بزانن چۆن نۆژەنی بکەنەوە و بیخەنەوە کار. تورکیا یەکێکە لە گەورەترین پاڵپشتیکارەکانی حکومەتە نوێیەکەی سووریا.
فڕۆکەخانەی ئەبوو زوهوور زیاتر لە 10 ساڵە بەهۆی شەڕی نێوخۆییەوە لەکار کەوتووە، بەڵام دوای ئەوەی حکومەتی نوێ دەسەڵاتی گرتەدەست، کۆنترۆڵی ئەم فڕۆکەخانەیەشی کردەوە.
میدیا فەرمییەکانی سووریا دەڵێن کە 8 مووشەک بەر رێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەکە کەوتوون و تەنیا زیانی ماددییان هەبووە و هیچ کەسێک بریندار نەبووە. وەزارەتی دەرەوەی سووریاش ئەم هێرشەی بە "دەستدرێژییەکی بێپاساو" ناوبرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ئیسرائیل سەرکۆنە بکەن. سوپای ئیسرائیلیش ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم رووداوە بدات.
کێشەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل
لە کانوونی یەکەمی 2024 کاتێک دەسەڵاتی بەشار ئەسەد رووخا، ئیسرائیل دەستبەجێ سەتان هێرشی ئاسمانی کردنە سەر بنکە سەربازییەکانی سووریا، بە بیانووی ئەوەی نایەوێت چەکەکانی سوپای پێشوو بکەونە دەست دەسەڵاتدارە نوێیەکان. هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل چوونە نێو خاکی سووریاوە لە ناوچەی گۆلان و دەڵێن نایانەوێت لێی بکشێنەوە، کە ئەمەش نیگەرانیی نەتەوە یەکگرتووەکانیی لێکەوتووەتەوە.
سەرەڕای ئەم کێشانە، حکومەتی نوێی سووریا و ئیسرائیل چەندین جار لەژێر گوشاری ئەمریکادا کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی گرژییەکان کەمبکەنەوە و تەنانەت لە مانگی کانوونی دووەمدا رێککەوتن لەسەر دروستکردنی "میکانیزمێکی هاوئاهەنگی" وەک ئامادەکارییەک بۆ رێککەوتنی ئەمنی، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی راگرتنی تەواوەتیی هێرشەکانی ئیسرائیل.
