رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سووریا دەڵێ، تیمێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی شوێنێکیان لە وڵاتەکەدا کردووە، کە کەرەستە و مادەی ئەتۆمیی تێدا بووە و نموونەی پێویستیان لێ وەرگرتووە.
رۆژی سێشەممە 18ی ئابی 2026 ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشق گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی لە 17ی تەممووزدا نامەیەکی ئاراستەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد، تاوەکو لە بوونی مادەی ئەتۆمی لە شوێنێکی رانەگەیێندراو ئاگاداری بكاتەوە.
شەیبانی روونیکردەوە، تیمی ئاژانسەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەردانی شوێنەکەیان کردووە و نموونەی پێویستیان وەرگرتووە.
هاوکات بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئاژانسەکەی چەندین تۆن مادەی ئەتۆمیی لەو شوێنەدا دۆزیوەتەوە کە پێشتر رانەگەیێندرابوو و مێژووەکەی بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد دەگەڕێتەوە.
گرۆسی بە وەزیری دەرەوەی سووریای گوت، "دوای بڕیارە ئازاکەتان بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەبارەی ئەو شوێنەی کە مادەی ئەتۆمی تێدا کۆکراوەتەوە، توانیمان بگەینە ئەم شوێنە... ئێمە باسی چەندین تۆن مادەی ئەتۆمی دەکەین کە دەکرا بۆ مەبەستی خراپ بەکاربهێنرێ."
سووریا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد تۆمەتی ئەوەی دەدرایە پاڵ کە کار لەسەر پڕۆگرامی چەکی قەدەخەکراو دەکات. لە ساڵی 2007دا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ناوچەیەکیان لە پارێزگای دێرەزوور بۆردوومان کرد، کە گومانی ئەوەی لێدەکرا ریاکتۆرێکی ئەتۆمی بێت کە بە هاوکاریی کۆریای باکوور بونیات نرابوو.

