رووداو دیجیتاڵ
سووریا رۆژی دووشەممە 24ی ئاب رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە لە ئوردن دانوستاندنی لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە و باسیان لەوە کردووە کە نابێت گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل رەنگدانەوەیان لەسەر خاکی سووریا هەبێت.
دانوستاندنە ئاست باڵا دوو قۆڵییەکان دوای ئەوە هاتن کە هەردوو لا لە کانوونی دووەم، لە درێژەی هەوڵەکانیاندا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی، لەسەر میکانزمێک بۆ گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری رێککەوتن.
کۆبوونەوەکە هەروەها دوای ئەوە دێت کە رۆژی سێشەممەی رابردوو، 18ی ئاب، ئیسرائیل بنکەی ئەبو زوهووری ئاسمانیی لە رۆژئاوای سووریا بۆردوومان کرد و رایگەیاند، ویستوویەتی رێگری لە جێگیرکردنی هێزەکانی تورکیا لەو بنکەیە بکات، لە کاتێکدا ئەنقەرە رەتی کردەوە هیچ لایەنێکی تورکیا سەردانی ئەو شوێنەی کردبێت.
راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی سووریا
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاوی کردەوە: "رۆژی یەکشەممە، بە نێوەندگیریی ئەمریکا و میوانداریی ئوردن، شاندێکی باڵای سووریا بە سەرکردایەتیی وەزیری دەرەوە و بەشداریی سەرۆکی هەواڵگریی گشتی و سەربازی، لەگەڵ شاندێکی باڵای ئیسرائیل کۆبووەوە."
سەرچاوەکە هەروەها باسی لەوە کرد، کۆبوونەوەکە بەشێکە "لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دوای بۆردوومانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا و گرژییەکانی باشووری سووریا، هەروەها بۆ پشتگیریکردنی سەقامگیری سووریا و ناوچەکە."
بە گوتەی سەرچاوەکە، لە دانوستاندنەکاندا "باس لە هەوڵە بەردەوامەکانی نزیککردنەوەی تێڕوانینی تورکیا و ئیسرائیل" کراوە "بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی گرژییە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو وڵات رەنگدانەوەیان لەسەر خاکی سووریا نابێت."
هەروەها سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی و یەکێکی دیکەی حکومەتی سووریا، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسیان گوتووە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ رۆمان گۆفمان، سەرۆکی مۆساد کۆبووەتەوە.
سەرچاوەکان دەڵێن، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کراوە "ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەت" بە سەرپەرشتیی ئەمریکا لە ئوردن پێکبهێنرێت بۆ رێگریکردن لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی نێوان سووریا و ئیسرائیل یان ئیسرائیل و تورکیا لەنێو خاکی سووریادا.
هەڵوێستی ئەمریکا و بەرزاییەکانی گۆلان
هەر ئەم هەفتەیە، تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە سووریا کە لە هەمان کاتدا دۆسیەی سووریاشی پێ سپێردراوە، بە تووندی رەخنەی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئاسمانییەکە گرت و بە "زیادکردنێکی ناپێویستی گرژییەکان کە خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە ناکات" ناوی برد. لە دوای هێرشەکەشەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێرشی تووندیان کردووەتە سەر یەکدی.
ئاژانسی سانا باسی لەوە کرد، "گفتوگۆکان سەرنجیان لەسەر دانانی میکانزمی کردەیی بوو بۆ وەستاندنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و زیندووکردنەوەی دانوستاندن بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێک تاوەکو ببێتە بناخەیەک بۆ رێککەوتنێکی دیکەی گشتگیرتر لە داهاتوودا."
حکومەتی نوێی سووریا و ئیسرائیل چەندین گەڕی دانوستاندنی راستەوخۆیان هەبووە. دوای دانوستاندنەکانی کانوونی دووەم، هەردوو لا، لە ژێر گوشاری ئەمریکا، لەسەر دانانی میکانزمێک بۆ گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری رێککەوتن و لە رێککەوتنێکی ئەمنی نزیک دەبوونەوە.
دیپلۆماتێکی عەرەبی باسی لەوە کردووە، ئەو ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەی کە بارەگاکەی لە ئوردن دەبێت، بەدواداچوون بۆ ژمارەیەک دۆسیە دەکات کە هاوئاهەنگیی ئەمنی و پاراستنی سنوور لە خۆدەگرێت.
لە دوای رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەدەوە لە کانوونی یەکەمی 2024، ئیسرائیل سەتان هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر سووریا و بە دیاریکراوی لە پێگە سەربازیەکانی داوە بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی، رێگە نەدات جبەخانەی سوپای پشێوو بکەوێتە دەستی حکومەتی نوێ. هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل ئەو ناوچە دابڕێنەرەیان بەزاند کە هاوسنووری بەرزاییەکانی گۆلانە.
بەشی هەرە زۆری ناوچەی بەرزاییەکانی گۆلان لە ساڵی 1967ـەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە داگیر کراوە. ئیسرائیل پێداگری لەسەر دروستکردنی ناوچەیەکی لەچەکداماڵدراو لە باشووری سووریا دەکات و بەرپرسانی ئیسرائیلی بەردەوام دووپاتی دەکەنەوە کە هێزەکانیان لەو ناوچەیە ناکشێنەوە.
ئەم دانوستاندنانە هەروەها لە کاتێکدا بوون کە ئیسرائیل رایگەیاند، ژمارەیەک چەکداری لە بەرزاییەکانی گۆلان کردووەتە ئامانج، کە دواتر حکومەتی سووریا رایگەیاند، کەسێک بریندار بووە و ئەو رووداوەشی بە "پێشێلکارییەکی زەق"ی سەروەرییەکەی ناو برد و گوتی:"بەرپرسیاریی تەواوی لێکەوتەکانی ئەم دەستدرێژییە دووبارەبووەوانە لە ئەستۆی هێزی داگیرکاری ئیسرائیلیدایە."
لە وەتەی جەنگی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل لە ساڵی 1967ـەوە، ئیسرائیل بەشی هەرە زۆری بەرزاییەکانی گۆلانی داگیر کردووە. تەنیا ئەمریکا و ئەم مانگەش کۆلۆمبیا دانی بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەدا داناوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵ دەدات رێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان سووریا و ئیسرائیلدا بکرێت، بەڵام ئیسرائیل هێشتا گومانی لە حکومەتی نوێی سووریا هەیە.



