نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، پێشوازیی لە ژمارەیەک مامۆستای زمانی کوردی کرد تاوەکو مافە زمانەوانییەکان لە نێو پڕۆسەی پەروەردەدا تاوتوێ بکەن و پاڵپشتیی پێگەی زمانی کوردی لە سنووری پارێزگاکەدا بکەن.
لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەچوو، پارێزگاری حەسەکە بە وردی گوێی لە کۆمەڵێک داواکاری و پێشنیازی مامۆستایان و قوتابیان گرت کە تایبەت بوون بە بابەتە پەروەردەیی و زمانەوانییەکان.
لە راگەیێندراوێکدا کە راگەیاندنی پارێزگای حەسەکە بڵاویکردووەتەوە، نوورەدین ئەحمەد، ئاماژەی بە گرنگیی بەدواداچوون بۆ ئەم داواکارییانە کرد و گوتی: "هەوڵ دەدەین لە چوارچێوەی رێکارە کارگێڕی و یاساییەکاندا، وەڵامی پێویستمان هەبێت بۆ خواستەکانی خەڵکی ناوچەکە."
ئەم دیدارە وەک دەستپێکردنی قۆناخــێکی نوێ بۆ هاوئاهەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان، کادیرانی پەروەردەیی و قوتابیان دەبینرێت تاوەکو پڕۆسەی خوێندن زیاتر پەرەی پێبدرێت و چیدیکە زمانی کوردی لە ناوەندەکانی پەروەردەدا پەراوێز نەخرێت.
رۆژی 27ی ئابی 2026، محەممەد عەبدولرەحمان ترکو، وەزیری پەروەردە و فێرکردنی سووریا بڕیارێکی تایبەت بە هەموارکردنەوەی رێنماییە جێبەجێکارییەکانی مەرسوومی ژمارە 13ـی ساڵی 2026 دەرکرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئامانج لەم بڕیارە "پاراستنی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکان و بەهێزکردنی فرەچەشنییە لە سووریا."
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، خوێندنی زمانی کوردی لەو ناوچانەی "چڕی دانیشتووانی کوردیان تێدایە" دەبێتە ناچاری. دیارترین خاڵەکانی بڕیارەکە ئەمانەن:
- زمانی کوردی دەبێتە بەشێک لە پڕۆگرامی پەسندکراوی هەموو قۆناخەکانی خوێندن (سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی).
- لە هەفتەیەکدا سێ وانە بۆ زمانی کوردی تەرخان دەکرێ، جگە لە یەک وانەی دیکەی هەفتانە کە تایبەت دەبێت بە چالاکییەکان کە ئەویش بە زمانى کوردى دەبێت.
- وانەی کوردی وەک وانەیەکی بنەڕەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و نمرەکەی هاوشێوەی وانەکانی دیکە لە کۆنمرەی کۆتایی هەژمار دەکرێ.
وەزارەتی پەروەردەی سووریا ئاسانکارییەک بۆ ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکات و قوتابیان لەو ناوچانە دەتوانن وانەکانی (مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە) بە ویستی خۆیان بە زمانی کوردی یان زمانی عەرەبی بخوێنن و تاقیکردنەوەی تێدا بکەن.
دواتر (سەنتەری نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان) رادەسپێردرێ بۆ ئامادەکردنی پەرتووک و پڕۆگرامی تایبەت بە زمانی کوردی بۆ هەموو قۆناخەکانى خوێندن.
بۆ دابینکردنی میلاکی مامۆستا، وەزارەت بڕیاری داوە مامۆستایان لەنێو میلاک یان لە دەرەوەی میلاک بەم مەرجانە دابمەزرێنێت:
- دەبێت هەڵگری بڕوانامەی زانکۆ یان پەیمانگای مامۆستایان بن و زمانی کوردی بە باشی بزانن.
- لە کاتی زۆر پێویستدا، رێگە بە هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی دەدرێت وانەکە بڵێنەوە.
- هەموو ئەو مامۆستایانەی داواکاری پێشکێش دەکەن، دەبێت تاقیکردنەوەیەکی نووسین و زارەکی بکەن بۆ سەلماندنی ئاستی زمانەوانییان.
رۆژی 25ـی ئابی 2026، مەزڵووم عەبدی لە گوتارێکدا هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتی راگەیاند و یەکێک لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان باسی لێوە کراوە، پرسی خوێندن بووە بە زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان و پێگەی کوردی لەو وڵاتەدا.


