رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی سووریا دەستگیرکردنی 9 فڕۆکەوانی پێشووی سوپای وڵاتەکەیان راگەیاند، لەنێویاندا سێ جەنەراڵ هەن کە تۆمەتبارن بە تاوانی جەنگ و بۆردوومانکردنی شار و شارۆچکەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا)، هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆندا لە پارێزگای لازقییە، 9 فڕۆکەوانی سەربازیی پێشوویان دەستگیرکردووە کە دەستیان لە "تاوانی جەنگ دژ بە گەلی سووریا" لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا هەبووە.
لە نێو دەستگیرکراوەکاندا سێ جەنەراڵ هەن بە ناوەکانی مەنهەل ئەنوەر ساڵح، سامی ئیبراهیم مەحموود و غەیاس عەلی رەحیە. دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا ئاماژەیان بەوە کردووە، بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئەو فڕۆکەوانانە بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی سڤیل، ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خەڵک و وێرانکردنی ژێرخانی شار و گوندەکان.
ئەم دەستگیرکردنانە لە کاتێکدان کە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن حکومەتی نوێوە، دەیان بەرپرسی پێشووی سەربازی و ئەمنی دەستبەسەر کراون و لە مانگی نیسانی ئەم ساڵیشەوە پرۆسەی دادگەییکردنیان دەستیپێکردووە.
هەر لەم هەفتەیەدا، دەسەڵاتدارانی سووریا دەستگیرکردنی جەنەراڵێکی دیکەی پێشوویان راگەیاند کە تۆمەتبارە بە بەشداریکردن لە سەرکوتکردنی خوێناوی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2011 کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوخۆ، هەروەها دەستی هەبووە لە کۆمەڵکوژیی شاری حەما لە ساڵی 1982دا.
لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا، دادگەیەکی سووریا، سزای لەسێدارەدانی بەسەر بەشار ئەسەد، ماهیر ئەسەدی برای و پێنج بەرپرسی باڵای ئەمنی سەپاند، کە ئەوەش یەکەم بڕیاری لەو شێوەیە بوو لە دوای گۆڕانی دەسەڵات لە وڵاتەکەدا بدرێت.
بەشار ئەسەد هاوکات لەگەڵ کەوتنی دیمەشق و رووخانی دەسەڵاتەکەی، هەڵات و ئێستا لە رووسیا نیشتەجێیە.



