رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری سووریا و ئەندامی لیژنەی پەروەردە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی سووریا یەکەمین لیستی ئەو قوتابخانانەی راگەیاندووە کە بۆ زمانی کوردی پەسند کراون.
ئەحمەد موراد، ئەمڕۆ هەینی بە سۆلین محەممەد ئەمین، پەیامنێری رووداوی گوت، ئەم لیستەی راگەیێندراوە یەکەمین لیستە و دواتر لیستێکی دیکەش رادەگەیێندرێت کە قوتابخانەکانی (کۆبانێ و دێرک)یش لەخۆ دەگرێت.
بە گوتەی ئەحمەد موراد، "ناوە رەسەنە کوردییەکانی گوندەکان بۆ ناوی قوتابخانەکان پەسەند کراون، لە جێگەی ئەو ناوانەی کە لە قۆناخەکانی پێشوودا بەعەرەبی کرابوون. ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ گەڕاندنەوەی ناوە رەسەنەکانی ناوچە و گوندە کوردییەکان سەیر دەکرێت."
بەپێی یەکەمین لیست، قوتابخانە پەسندکراوەکان بەم شێوەیە دابەش بوون:
608 قوتابخانە لە حەسەکە
308 قوتابخانە لە حەلەب
5 قوتابخانە لە حەما
17 قوتابخانە لە دیمەشق
بڕیارە دۆسیەی پڕۆگرامەکانی خوێندن و رێگەکانی پێشخستنیان لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گەل دا تاوتوێ بکرێت. کۆبوونەوەکە رۆژی یەکشەممە بەڕێوە دەچێت و محەممەد تورکۆ، وەزیری پەروەردەش بەشدار دەبێت.
لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و بنەماڵەی ئەسەد لە سووریا، زمانی کوردی بە تەواوی لە کەرتی پەروەردە و دامەزراوە فەرمییەکاندا قەدەخەکرابوو، هەروەها سەتان هەزار هاووڵاتیی کورد لە مافی وڵاتینامە و ناسنامەی نەتەوەیی بێبەش کرابوون.
لە دوای ساڵی 2011 و دامەزراندنی خۆسەری لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، سیستمێکی تەواوی خوێندن بە زمانی کوردی لە قۆناخی باخچەی منداڵانەوە تاوەکو زانکۆ بونیادنرا و بووە بەشێکی دانەبڕاو لە تەونی کۆمەڵایەتی و پەروەردەییی ناوچەکە.
لە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 و دەستبەکاربوونی دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دڕدۆنگن لەبارەی پاراستنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکانیان. لە بەستێنی ئەم رووداوانەدا، کورد رژدە لەسەر ئەوەی کە سازش ناکەن لەسەر مافی خوێندن بە زمانی دایک و دەبێ دەستووری نوێی وڵاتەکە دان بە فرەنەتەوەیی و زمانی کوردیدا بنێت. لەکاتێکدا حکومەت بڕیاریداوە لە بەشێک لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا خوێندنی کوردی کەمبکاتەوە.



